پەرلەمانتارێكی كورد: پێناچێت بەغداد نیەتی ڕێککەوتنی ھەبێت

پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، مانەوەی شاندی دانوستانکاری ھەرێم لە بەغداد ھەنگاوێکی و گرنگ و پڕبایەخ بوو و دەشڵێت، “پێناچێت بەغداد نیەتی ڕێککەوتنی ھەبێت”.

دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی كانونی یەكەم وتی، مانەوەی شاندی دانوستانکاری ھەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغداد بۆ زیاتر لە ھەفتەیەک “ھەنگاوێکی و گرنگ و پڕبایەخ بوو”.

ئەو پەرلەمانتارە لە پەیجی خۆی نوسیویشیەتی، “شاندەکە و جەنابی کاک قوباد سیاسەتێکی دیبلۆماسیی و حەکیمانەی نەرمیان ھەبوو ھاوشێوەی سیاسەتەکانی ھەڤاڵ مام جەلال لە گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی بە ئاڕاستەی ڕێککەوتن و بەدەستھێنانی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەڵام پێناچێت بەغداد نیەتی ڕێککەوتنی ھەبێت”.

دیلان غەفور ئەوەش دەڵێت، ھەرچەندە شاندی ھەرێم بە سەرجەم داواکارییەکانی بەغداد ڕازیبوون لەپێناو موچە و قووتی خەڵک، بەڵام دۆخی سیاسی لە بەغداد گۆڕاوە و ئاڕاستەی دژە کورد و دژە ھەرێمی کوردستان و مافەکانی لە بەھێزبووندایە، ئەوە لەکاتێکدایە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقمان لەپێشە و ئەو لایەنە عەرەبییانەی دژی کوردبن زیاتر لای جەماوەری خۆیان خۆشەویست دەبن و کەشێکی وایان دروستکردووە تا توندتربن دژی ھەرێم لە ڕووی جەماوەرییەوە لە سوودی خۆیانە.

شاندی باڵای حكومەتی هەرێم چوارشەممەی ڕابردوو 9ی كانونی یەكەم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بەرەو بەغداد بەڕێكەوت، مەبەست لە ناردنی تاوتوێكردنی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 و گەیاندنی پەیامی حكومەتی هەرێمە تایبەت بە پابەندبوون بە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی (قەرزكردن) كە لە تشرینی دووەمی ڕابردوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندكرا و بەپێی خاڵی (7)ی یاساكە پێویستە هەرێم بەشێك لە نەوت و داهاتە نانەوتییەكانی ڕادەستی كۆمپانیای سۆمۆ و حكومەتی ناوەند بكات، بەر لە وەرگرتنی هەر پشكێك لە بودجەی گشتی.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەو دۆخە نوێیەی بەغداد لەکاتێکدایە ھەرێمی کوردستان بەدەست بێپارەییەوە دەناڵێنێت و لە دۆخێکی تەواو خراپدایە، سەرباری گرنگیی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد و بەردەوامیی ھەوڵەکان بە مەرجی پێدانی مافەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام چاکسازیی گشتگیر و ڕیشەیی لە ناوخۆی ھەرێم بەتایبەت لە مەلەفی نەوت و پێداچوونەوە بە دەروازەکان و زیادکردنی داھاتی حکومەتی ھەرێم، گرنگتر و باشتر و ئایندەیی ترە بۆ کوردستان.

شاندەكە لەماوەی هەشت ڕۆژی ڕابردوودا لە بەغداد زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا و كەسی یەكەم و بڕیاردەرانی لایەنە سیاسییەكان ئەنجامدا.

دوا كۆبوونەوەیان پاش نیوەڕۆی دوێنێ لە هۆڵی دەستوریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و بە بەشداری جێگرانی سەرۆك و سەرۆكی لیژنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدرا.

بابەتی پێشتر

ڕەشنوسی بودجەی عێراق.. پشكی هەرێم و پابەندییەكانی

بابەتی دواتر

ترەمپ دواى کۆشکى سپى بۆ کوێ دەچێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كەسێك بە تۆمەتی فێڵكردن دەستگیركرا

لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و بەتۆمەتی فێڵكردن هێزەكانی پۆلیس لە سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، دوای…
Total
0
Share