قەڵەوی قەیرانێکی جیهانی.. چارەسەرەکانی دەچنە لیستی دەرمانە بنەڕەتییەکانی تەندروستیی جیهانییەوە

رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاندووە، رەنگە بۆ یەکەمجار دەرمانی دژە قەڵەوی بخرێتە ناو “لیستی دەرمانە بنەڕەتییەکان”ی رێکخراوەکەوە.

مانگی داهاتوو راوێژکارانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێداچوونەوە بە داواکارییە نوێیەکان دەکەن بۆ لیستی دەرمانەکان و بەپێی ئاژانسەکە بڕیارە لە مانگی ئەیلولدا لیستی نوێکراوەی دەرمانە بنەڕەتییەکان پێشکەش بکرێت کە دەرمان و چارەسەرەکانی قەڵەوی لە لیستەکەدا زیادکراون.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، داواکارییەکە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەرمانی قەڵەوی لەلایەن سێ پزیشک و توێژەرێکەوە لە ئەمریکا پێشکەش کراوە، هەروەها ماددەی لیراگلۆتاید لەخۆدەگرێت کە لە دەرمانی ساکسێندا بۆ نۆڤۆ نۆردیسکدا هەیە، کە بەم زووانە دەتوانرێت بەشێوەیەکی هەرزانتر بخرێتەڕوو .

بڕیاری لیژنەکە لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی یەکلایی نەکراوەتەوە، بەو پێیەی دەکرێت بەڵگەی زیاتر قبوڵبکرێت یان داوای بەڵگەی زیاتر بکرێت سەبارەت بە پێویستیی خستنەڕووی دەرمانی چارەسەرکردنی قەڵەوی لە لیستەکەدا.

بەڵام هەندێک لە پسپۆڕانی تەندروستیی گشتی هۆشداری دەدەن لە بەکارهێنانی بەربڵاوی ئەو جۆرە دەرمانانە وەک رێگرییەک بۆ قەڵەوی.

وتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، قەڵەوی کێشەیەکی تەندروستیی گەشەسەندووە لە زۆرێک لە وڵاتان، جەختیشی کردەوە کە “دەرمانی قەڵەوی تەنها یەک لایەنی چارەسەرە”.

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، زیاتر لە 650 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە جیهاندا بەدەست قەڵەویەوە دەناڵێنن، کە سێ ئەوەندەی رێژەی قەڵەوییە لە ساڵی 1975دا و بە مەزەندەکردن یەک ملیار و 300 ملیۆن کەسی دیکەش کێشیان لە حاڵەتی ئاسایی زیاترە.

زۆربەیان یان نزیکەی لەسەدا 70یان لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا دەژین.

راپۆرتێکی پێشووتر کە لە سەرەتای مانگی ئازاردا بڵاوکرایەوە، ئاشکرای کردبوو کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی 2035 کێشیان زیاد دەبێت یان قەڵەو دەبن.

بابەتی پێشتر

ناپۆلی بۆ هەر گۆڵێک چەند بە ئۆسیمین دەدات؟

بابەتی دواتر

هەڵاوسانی تورکیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە چارەکە سەدەی رابردوودا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share