زیاتر لە حەوت ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندنگەكاندا ئاوی خواردنەوەیان دەستناكەوێت، ئامارەكە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاویكردووەتەوە و چەندین زانیاریی دیكەی لەبارەی دۆخی منداڵانەوە ئاشكراكردووە.
بەپێی ئاماری رێكخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیسێف) كە دۆخی ناهەمواری منداڵانی عێراقی تاوتوێكردووە، 21 ملیۆن منداڵ لە عێراقدا هەن كە دەكاتە نزیكەی نیوەی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەكە، لەو ژمارەیە یەك ملیۆنیان پێویستییان بە هاوكاریی مرۆیی هەیە.
ئامارەكە دەڵێت، بەهۆی تەشەنەسەندنی كاركردنی منداڵانەوە، دوو ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندن دابڕاون و كاردەكەن، یەك لەسەر چواری منداڵان ڤاكسینی ئاساییان پێنادرێت و 37.9%ـی منداڵانی عێراق لە دۆخی هەژاریدا ژیان دەگوزەرێنن.
بەو پێیەی ئاوی پاكی خواردنەوە لە نیوەی خوێندنگەكانی عێراقدا بەردەستنییە، زیاتر لە حەوت ملیۆن منداڵی عێراقی لە خوێندنگەكاندا ئاوی خواردنەوەیان دەستناكەوێت كە 52%ـی ئەو ژمارەیە خوێندكارانی كچن، وەك ئامارەكەی یونیسێف ئاشكرایكردووە.