بەرهەم ساڵح: ستەم بەردەوام نابێت

بەرهەم ساڵح

لە دووەم رۆژی دیداری سلێمانی بەرهەم ساڵح وتەیەكی تایبەت بە یادی 35 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە پێشكەشكرد و رایگەیاند، ستەم بەردەوام نابێت.

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و دامەزرێنەری زانكۆی ئەمریكی لە عێراق-سلێمانی ئەمڕۆ لە دووەم رۆژی دیداری سلێمانی وتارێكی بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی تایبەت بە یادی كیمیابارانی هەڵەبجە پێشكەشكرد و رایگەیاند، هەڵەبجە زیندووە، هەڵەبجە سەركەوتووە، ئیرادەی خەڵك لە راماڵینی رژێم و تاوانكاران و بە سزاگەیاندنیان گەیشتە ئەنجام.

وتیشی، “هیوادارم ئەو پەندە ئەمڕۆش لە یادی هەموومان بێت، زوڵم و زۆر و بێدادی و نادادپەروەی و پێشێلكردنی مافی خەڵك چەند زۆرداران مەبەستیان بێت، برەوی نابێت و ئەنجامیش سەركەوتن هەر بۆ خەڵكە و بۆ مافی رەوای خەڵكە”.

دواتریش داوای لە ئامادەبووان كرد بەبۆنەی یادی 35 ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە دەقیقەیەك رێز رابوەستن.

بەرهەم ساڵح ئەوەشی وت، هەڵەبجە لەدوای كیمیابارانكردنیەوە بووە سیمبولی ئازاری گەلی كوردستان و گەلی عێراق بەشێوەیەكی گشتی. هەڵەبجە راستییەكی مێژوویی دەسەلمێنێت كە زوڵم و سەركوت و پێشێل و دەستبەسەراگرتنی مافەكانی خەڵك ناتوانێت رێگری لە ئیدارەی گەلێكی سووربوو لەسەر ئازادی بكات.

دووپاتیشیكردەوە، هەڵەبجە “وانەیەكی گرنگە بۆمان كە لەبیری نەكەین، پشتگوێی نەخەین، كە مافەكانی خەڵك لە ژیانێكی ئازاد و شكۆمەندانە بنەڕەتە، هیواخوازم هەڵەبجە یادگارییەكی زیندوو بێت لە ویژدانماندا و بزانین كە قەبارەی قوربانییەكان كە گەلەكەمان بەخشی لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق لە هەڵەبجە، ئەنفال، گەرمیان و گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە باشوور و ناوچەكانی دیكەی عێراق هاندەرمان بێت بۆ ئەوەی كاربكەین لەسەر وەلانانی ئەو كێشانەی هەمانن و، ژیانێكی ئازاد و شكۆمەندانە بۆ گەلەكەمان بهێنینەدی”.

سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق لە كۆتایشدا رایگەیاند، ستەم بەردەوام نابێت، دادپەروەری دەبێتە زامنی ئەوەی پێویستە بۆ وڵاتەكەمان لە سەقامگیری، ئاشتی و پەرەپێدان.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ 35 ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: دەبێت هەرێمی کوردستان رۆڵی هەبێت لە دامەزراوەی سۆمۆ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share