قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق کۆبووەوە و لەبارەی رەوشی دادوەری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و چۆنییەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەڕووی دادوەرییەوە گفتوگۆیان كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە لە سلێمانی بەڕێوەچوو و تیایدا جێگر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە و ژمارەیەک لە دادوەرانی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزکردنی پەیوەندییە دادوەرییەکانی نێوان هەرێم و دەسەڵاتی فیدراڵی و بە تایبەتیش لەسەر گواستنەوەی ئەزموون و دروستکردنی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەخت کرایەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر رادەستکردنی ئەو داواکراوانەی لەنێوان هەرێم و بەغداد هەن و هێشتا دەستگیرنەکراون و بە پێویست زانرا لەمبارەیەوە رێوشوێنی گونجاوتر بگیرێتەبەر، بۆ هەماهەنگیی زیاتر و نابێت هیچ لایەک رێگری دروستبکات لە بەردەم ئاڵوگۆڕکردنی داواکراواندا.

هەردوولاش هاوڕابوون کە شکۆی دەوڵەت لە پاراستنی شکۆ و سەروەری دەسەڵاتی دادوەریدایە و نابێت رێگە بە هیچ جۆرە دەستێوەردانێکی سیاسی لە دەسەڵاتی دادوەری بدرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی حکومڕانی لە عێراق و کوردستان. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە رایگەیاند، لە ئێستادا گەورەترین تەحەدای بەردەم حکومڕانیی عێراق و کوردستان؛ چۆنییەتی باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکانە، بۆیە دەبێت خزمەتی باشتری هاوڵاتییان بکرێت.

بابەتی پێشتر

تەندروستیی هەڵەبجە 64 بەرکەوتووی کیمیایی دەنێرێتە دەرەوە

بابەتی دواتر

(فیفا) بە گۆڕانکارییەکان چێژی مۆندیال ناهێڵێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share