بە مەبەستی بەشداریكردن لە “دیداری سلێمانی”ـدا، هەریەك لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی هاوپەیمانیی نەسڕ و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق و خالد شوانی، وەزیری دادی عێراق و شاندێكی هاوڕێیان گەیشتنە سلێمانی.
كەمێك لەمەوبەر لەگەڵ گەیشتنی شاندەكەدا بە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وێنەكانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، “لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێشوازیمانکرد لە دەستەیەک لە میوانانی دیداری سلێمانی، کە بڕیارە سبەینێ چوارشەممە لە زانکۆی ئەمریکی لە عێراق – سلێمانی دەستپێبكات”.
دیدارى سلێمانى رۆژانی 15 و 16ـی ئازار لەلایەن پەیمانگاى لێکۆڵینەوە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان (IRIS) لە زانکۆى ئەمریکى لە سلێمانى بەڕێوەدەبرێت و لە ماوەى دوو رۆژى دیدارەکەدا، کەسانى بیرمەند و پسپۆڕ و شارەزا و بڕیاربەدەستانى ناوچەکە و جیهان کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى پرسە هەرە دیارە ناوچەییەکانى جیهان و خستنەڕووى بیروبۆچوونەکانى ئێستا و ئەو خاڵانەى جێى ناکۆکین.
دروشمى ئەمساڵى دیدارەکە بریتییە لە “پاش 20 ساڵ: عێراق و ناوچەکە لە نێوەندى ئاڵنگارییە جیهانییە نوێیەکان”ـدا و دەبێتە گەورەترین چالاكیی سیاسی لە شاری سلێمانی.