كاروان گەزنەیی: بەناوی باجەوە سەرانە لە هاوڵاتییان و خاوەنكاران وەردەگیرێت

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەناوی باجەوە بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان پارە لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت و ئەوەش بە “سەرانە وەرگرتن” ناودەبات.

كاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر رایگەیاند، دوای بەدواداچوون و رێكارە پەرلەمانی و یاساییەكان بۆیان دەركەوتووە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە كە بە ناوی باج وەردەگیرێت، باج نییە، بەڵكو سەرانە وەرگرتنە لە هاوڵاتییان و خاوەنكارەكانی هەرێمی كوردستان.

وتیشی، ئەو جۆرە لە پارە وەرگرتن كە بەدەر لە یاسا و رێنماییەكانە چەند مەبەستێكی دیاریكراوی لەپشتە، لەوانە مۆنۆپۆل و ئیحتكاری دیاریكراو بۆ كۆمپانیا حزبی و شەخسییەكان لە هەرێمی كوردستاندا. ناچاركردنی كۆمپانیا و خاوەنكارەكانی كوردستان بۆ بەجێهێشتنی هەرێمی كوردستان.

لەپاڵ ئەمەشدا ئامانج لێی داخستنی كارگەكانی كوردستانە كە ئەمەش بەداتا سەلمێندراوە كە لە كۆی چوار هەزار كارگە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە دوو هەزار كارگەیان داخراون. وەك ئەوەی گەزنەیی ئاماژەی پێدا.

هۆكاری داخستنی ئەو ژمارەیەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە “حكومەت نەك هەر پاڵپشتییان ناكات، بەڵكو باج و زەڕیبەیەكی زۆر لە دەرەوەی یاسا وەردەگیرێت، پارەكەش بۆ گیرفانی شەخس و ئەم و ئەون”.

ئەمەش هۆكارێكی بنەڕەتییە وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە وتی، بۆ ئەوەی دەستی كار لە هەرێمی كوردستان كەمببێتەوە، لەكاتێكدا رێژەی بێكاری لە هەرێم نزیكبووەتەوە لە 20% و ژمارەی گەنجانی بێكار زیاتر دەبێت لە یەك ملیۆن كەس.

كاروان گەزنەیی دووپاتیشیكردەوە، “بەداخەوە بێبەرنامەیی حكومەتی هەرێم گەیشتووەتە ئاستێك كە فشارێكی زۆر لە خاوەن كار، خاوەن كارگە و هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكرێت بە هەموو خاوەن پیشە جۆراوجۆرەكانەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەموو ئەو جۆرە باجانە بەبێ یاسا و رێنماییەكان وەردەگیرێن، بەجۆرێك ئەگەر دەسەڵاتت هەبێت لێخۆشبوونت بۆ دەكرێت و وتی، “كۆمەڵێك كەس مافیاگەر ئاسایانە پارە لە خەڵكی هەرێم وەردەگرن”.

بابەتی پێشتر

بومەلەرزە درەختێكی گەورەی كردووە بە دوو كەرتەوە

بابەتی دواتر

شازادەی ئوردن هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕێکی یۆنانی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

وەزارەتی پلاندانان: زانیارییەکانتان پارێزراودەبن و تەنها بۆ بواری گەشەپێدان سوودی لێوەردەگیرێت

وەزیری پلاندانانی عێراق رایگەیاند، پێویستە خێزانەکان لە ماڵەکانیان بمێننەوە لە رۆژانی سەرژمێریدا بەهۆی ئەوەی بۆ ئامانجی گەشەپێدانە، راوێژکارێکی…
Total
0
Share