نرخی کارەبای مۆلیدەی سیتییەکان دیاریکرا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، نرخی کیلۆواتی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی حەوت 239 دینارە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (سیتییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکرد و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای مۆلیدەی بۆ مانگی تەمموز دیاریکرد، کە بریتییە لە 239 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو نرخە بەگوێرەی نرخی گازوایل لە بازاڕ و ئەو توێژینەوەیەی کە بۆ خەرجیی مۆلیدەی سیتییەکان ئامادەکراوە، دیاریکراوە.

دەشڵێت، هاوكات بۆ ئەو سیتییانەش كە تاكە سەرچاوەی كارەبایان مۆلیدەیە و كارەبای نیشتمانییان نییە، نرخی كیلۆواتیان 223 دینارە.

کارەبای سلێمانی باسلەوەشدەکات، پێویستیشە سەرجەم سیتیيەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بە نرخەکەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share