زانایانی گەردوونناسی هۆشدارییان داوە لەوەی مانگە دەستکردەکان رەنگە مەترسییەکی گەورە بۆ بۆشایی ئاسمان دروست بکەن لەئەنجامی ئەو تیشکی ڕووناکییانەی کە لێیانەوە دەردەچن، چونکە لە وێنەکانی تەلەسکۆپەکاندا دەردەکەون و کاریگەرییان لەسەر تێگەیشتن و شیکردنەوەی گۆڕانکارییەکانی بۆشایی ئاسمان هەیە.
گۆڤاری “Nature” کە تایبەتە بە کاروباری زانستی، هۆشداری دا لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە مانگی دەستکرد لە ئاسماندا.
ئەوان نیگەرانن لەوەی کە دەبێت چی رووبدات بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی ژمارەی ئەو جۆرە تەنانە لە دەوروبەری زەوی، لە هەمان کاتدا چەندین جار هۆشدارییان دا کە هەڵدانی مانگە دەستکردە نوێکان، رێگری لە چاودێریکردنی زەوی لە بۆشایی ئاسمانەوە دەکەن.
بەپێی گۆڤاری (Nature) ئەگەر مانگە دەستکردەکان بەم خێراییە بەردەوام بن لە زیادبوون، ئەوا زانایان رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە لە ئەنجامدانی چاودێریکردن لە رێگەی رێڕەوێکی دیاریکراوەوە کە بۆ چاودێریکردنی بۆشایی ئاسمان بەکاردێت.
زاناکان لە نێوان ساڵانی 2002 بۆ 2021 چاودێریی وێنەکانیان لە بۆشایی ئاسمانەوە کردووە و دەرکەوتووە کە لەسەدا 2.5 حاڵەتەکانی رووناکیی ئەستێرەکان مانگە دەستکردەکانن کە بەڕێکەوت بە بۆشایی ئاسماندا تێدەپەڕن.
بە وتەی شارەزایان، زۆرینەی ئەو مانگە دەستکردانە سەر بە کۆمپانیای “سپەیس ئێکس”ی ئەمریکین و کاریگەرییان لەسەر وێنەی ئاسمانی شەوانە هەیە، بەو پێیەی ئەم مانگە دەستکردانە لە شێوەی هێڵی سپی گەشاوە دەردەکەون، و کاریگەرییان لەسەر بینینی ئەستێرەکان هەیە.
زانایان ترسیان لەوە هەیە کە تیشکی زەبەلاحی مانگە دەستکردەکان لە داهاتوودا بتوانێت بازنەی وێنەی تەلەسکۆپە بیناییەکان تەمومژاوی بکات و دەستوەردان لە چاودێریکردنی فەلەکیدا بکات.
خەڵک وا بیردەکەنەوە کە مانگی دەستکرد ئەو تەنەیە کە تەنها ئەرکی زانستی و توێژینەوە ئەنجام دەدات، لەکاتێکدا ئەو مووشەکەی کە یارمەتی هەڵدانی داوە بووەتە پاشماوە لە بۆشایی ئاسماندا و ئەوانیش بە مانگی دەستکرد ناوی دەبەن.
ژمارەی مانگە دەستکردە چالاکەکان لە ئێستادا 10 هەزار و 582 مانگە دەستکردە کە نزیکەی حەوت هەزار و 500 مانگە دەستکردیان لە دۆخی کارکردندان، چونکە بەشێکیان بەسەرچووە.
سەبارەت بە پاشماوەکان، 16 هەزار مانگی دەستکرد لەخۆدەگرێت، چونکە کاتێک مانگە دەستکردێک بەرەو بۆشایی ئاسمان بەرزدەبێتەوە، پاشماوەی زۆری لێ بەجێدەمێنێت.