مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە 8ی مارسدا پیرۆزبایی لە ژنان دەكات و دەڵێت: “یەكێتی هەمیشە بڕوای نەگۆڕی بەهاتنە مەیدانی ژنان و بەشداری كاراییان لە هەموو جومگەكانی حزبی و حوكمرانیی و ناوەندەكانی بریاردا هەبووە”.
دەقی پەیامی مەكتەبی سیاسی:
لە(8)ی مارس، رۆژی جیهانیی خەباتی ژنان بۆ بەدیهێنانی مافەكانیان و چەسپاندنی زیاتری یەكسانی و دادپەروەری، یادی ئەو تەوارە بەرزە فڕانە دەكەینەوە كە خەباتیان بۆ وەدیهاتنی مافەكانی ژنان كردووە و لەسەنگەری بەگژاچوونەوەی دوژمنانی ئازادی و مرۆڤایەتیدا بوونەتە پێشەنگ .
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان وەك درێژە پێدەری سیاسەت و دیدی سەرۆك مام جەلال هەمیشە بڕوای نەگۆڕی بە هاتنە مەیدانی ژنان و بەشداری كاراییان لە هەموو جومگەكانی حزبی و حوكمرانیی و ناوەندەكانی بڕیاردا هەبووە و بەكردەوە كاری لەسەر ئەو یاسایانە كردووە كە دەستەبەری زیاتری ماف و ئازادییەكانی ژنان دەكات.
لەم یادەبەرز و شكۆدارەدا سڵاو دەنێرین بۆ ژنانی كوردستان و پشتیوانیمان بۆ تێكۆشان و خەباتە رەواكەیان دووپاتدەكەینەوە.