كەمێك لەمەوبەر، ژمارەیەك لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە نەجەف خۆپیشاندانیان دەستپێكرد.
خۆپیشاندانەكە دەربڕینی ناڕەزایەتییە دژ بە پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردن و سیستمی سانت لیگۆ.
ماوەیەكە لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵی دەرچوواندنی یاسایەكی نوێی هەڵبژاردن لە عێراق دەدرێت كە سیستمی سانت لیگۆ پەیڕەوبكات و هەر پارێزگایەك لە یەك بازنەی هەڵبژاردن پێكبێت، ئەوەش ناڕەزایی سەدرییەكانی لێكەوتووەتەوە.
پڕۆژەیاسا نوێیەكەی هەڵبژاردن، لەلایەن چێوەی هەماهەنگییەوە پشتیوانیی دەكرێت، بەڵام موقتەدا سەدر و رەوتەكەی دژی وەستاونەتەوە.
دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق كە لە 10ـی تشرینی یەكەمی ساڵی 2021ـدا ئەنجامدرا، سیستمی فرەبازنەیی بۆ پارێزگاكان گرتەبەر و هەر پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن دابەشكرا، ئەوەش پێچەوانەی هەڵبژاردنەكانی پێشووتر بوو كە لە رێگەی پەیڕەوكردنی سیستمی سانت لیگۆوە، هەر پارێزگایەك لە یەك بازنەی هەڵبژاردن پێكدەهات و گشت دەنگدەرانی پارێزگایەك، دەیانتوانی دەنگ بە هەر كاندیدێكی پارێزگاكەیان بدەن.