سەندیكای پارێزەران لە دهۆك لێدوانی پارێزەر بۆ میدیاكان قەدەغەدەكات

بەپێی نووسراوێك لقی دهۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لێدوانی پارێزەران بۆ میدیاكان بە نایاسایی ناودەبات و هەڕەشە دەكات بە گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر سەرپێچیكاران.

نووسراوەكەی سەندیكاكە كە بە زمانی عەرەبی دەرچووە و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبووەتەوە تیایدا دەڵێت، لیژنەی رەوشتی پیشەیی سەندیكاكەیان تێبینی لێدوانی پارێزەرانی كردووە بۆ میدیاكان لەبارەی هەندێك لە دۆسیەكان، لەكاتێكدا دادگا شوێنی یەكلاكردنەوەیانە نەك میدیا.

سەندیكاكە دەڵێت، هەر جۆرە چاوپێكەوتنێكی میدیایی رێگەپێنەدراوە، تەنها جگە لەو كەسەی لەلایەن لقی دهۆكی سەندیكاوە دیاریدەكرێت.

سەبارەت بە نووسراوەكە نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنووس و چالاكوان نووسیویەتی، لقی دهۆكی سەندیكای پارێزەران لەوكاتەی پێویستە پارێزەری یاسا بێت و بەرگریكاربێت لە مافەكانی پارێزەرانی كوردستان، خۆی لە دەرەوەی كاركردن بە دەستوور و یاسا بەركارەكانی هەرێمی كوردستان و یاسا نێودەوڵەتییەكان، دەیەوێت سانسۆری ئازادیی رادەربڕین بكات.

“ترسی سەندیكای پارێزەران، لەو پارێزەرانەیە كە ساڵانێكە بەرگری لە دۆسیەكانی مافەكانی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان و ئازادیی رادەربڕین دەكەن، ئەگەرنا چ یاسایەك دەسەڵات بە لیژنۆكەیەكی سەندیكا بەناوی (لجنة قواعد السلوك المهني) دەدات هەر پارێزەرێك لێدوان بدات بۆ دەزگا رۆژنامەوانییەكان دەبێت رەزامەندی سەندیكا وەربگرێت، ئەگەرنا رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە!” وەك ئەوەی نیاز عەبدوڵا ئاماژەی پێداوە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، سەندیكا دەیەوێت رۆڵی لقێكی حیزبی و دەزگایەكی ئەمنی ببینێت و هەڕەشە لە پارێزەران دەكات بە لێپرسینەوەی یاسایی، لەكاتێكدا ئەوەی دەبێت رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی بكرێتەوە خودی سەندیكاكەیە.

بابەتی پێشتر

یارییە گرنگەکانی ئەمڕۆ شەممە بزانە

بابەتی دواتر

مێسی چی دەکات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share