لە بەغداد چی دەگوزەرێت؟.. لەمپەرێكی زۆر لە بەردەم شاندەكەی هەرێم-دان

فراكسیۆنە عێراقییەكان لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد “نەرمییان نەنواندووە”، هەڕەشەی ئەوەش دەكەن هەر بەرپرسێكی عێراقی ڕەزامەند بێت لە دەرەوەی یاسای قەرز پارە بۆ هەرێم بنێرێت ئەوا دەستی پێ لەكار دەكێشنەوە.

پەرلەمانتارێكی كورد ئاشكرایدەكات، “یاساكە بەڕوونی باسی لەوە كردووە دەبێت هەرێم نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات، بۆیە پێویستە هەرێم ئەو خاڵە جێبەجێ بكات”.

فراكسیۆنە عێراقییەكان هەڕەشە دەكەن

سەبارەت بە ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد و هەڵوێستی فراكسیۆنە عێراقییەكان، بەهار مەحمود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەوان بە بەردەوامی دەیڵێن و وتویانە ئەو سیاسەتە لەمەودوا بەسەرچوو ‘بەشی خۆم دەخۆم و بەشی تۆش دەخۆم’، بە ئاشكرا ڕایانگەیاندووە، ئەگەر هەرێم نەوت ڕادەست نەكات ڕازی نابن یەك دینار بنێردرێت بۆ هەرێم، پرسیارەكەش ئەوەیە هەرێم بۆ نەوت ڕادەست ناكات؟”.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە كە ئەندامی لیژنەی یاسایشە ئەوەی خستەڕوو، “یاسای قەرز دەڵێت، دەبێت هەرێم پابەندبێت بەوەی سۆمۆ بۆی دیاری دەكات و نیوەی داهاتەكەشی ڕادەست بكات، لە یەكەم ڕۆژی دەرچونی یاساكەشەوە ئێمە وتومانە كازمی ئیتر پارە نانێرێت چونكە یاساكە دەڵێت كەس بۆی نییە لەو یاسایە لابدات كازمیش خۆی تووشی ئەو بەرپرسیاریەتییە ناكات”.

فراكسیۆنی سائیرون سەرسەختانە دژی ناردنی پارەیە

لەنێو فراكسیۆنە عێراقییەكاندا، فراكسیۆنی سائیرون سەرسەختانە دژی ناردنی پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش فشاریان لەسەر حكومەت دروست كردووە.

لای خۆیەوە ڕیاز مەسعودی، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر فراكسیۆنی سائیرون تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە وەك فراكسیۆنی سائیرون بە گرنگی دەزانین پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغداد پەیوەندییەكی دەستووری بێت نەك سیاسی، ئێمە لەگەڵ ڕێكخستنی پەیوەندییەكانین بەپێی دەستوور، ئەوەی پەیوەندی بە بودجەی فیدڕاڵی و خاڵە سنوورییەكان و هێزی پێشمەرگە و هەموو ئەو پەیوەندییانەوە دەبێت بەپێی دەستوور بێت لەپێش هەموویانەوە بابەتی نەوت و گاز”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ئاشكراكرد، “بڕوابوون بە لایەك و كافركردنی لایەكی دیكە ئەوە بەڕاستی سیاسەتێكی ناڕوون و بێسوودە، پێویستە هەرێمی كوردستان بزانیت كە وڵاتێكی سەربەخۆ نییە و لەژێر چەتری حكومەتی ناوەنددایە، پێویستە ئەوە بزانن ئەوان بەشێكن لە عێراق، ئەم جۆرە مامەڵەی حكومەتی هەرێمیش مامەڵەیەكی بێسوود و كات كوشتنە”.

“پێویستە هەرێمی كوردستان ئەوەش بزانێت ملكەچیكردنی بۆ عێراق لە بەرژوەندیی ئەوانە، هەروەها ئێمە لەگەڵ دڵنیایی دانین بە هاوڵاتییانی هەرێم و ئەوان بەشێكی ڕەسەنی عێراقن”، وەك پەرلەمانتارەكەی سائیرون وای وت.

وتیشی، “یاسای قەرز بە زۆرینە لە پەرلەمانی عێراق پەسەند كرا، مافی حكومەت نییە لێی لابدات، حكومەت پابەندە بە جێبەجێكردنی یاساكان، ئەگەر ڕێككەوتنێك لە دەرەوەی یاسا و دەستوورەوە بكرێت ئەوا حكومەت خۆی دووچاری كێشەیەكی گەورە دەكاتەوە، ئەگەر حكومەتی عێراق پارە بۆ هەرێم لە دەرەوەی یاسای قەرز بنێرێت، ئەوا لەلایەن پەرلەمانە لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكرێت”.

بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، شاندەكەی هەرێم لە بەغداد، پێشنیاریان كردووە، حكومەتی عێراق لە بەشە بودجەی هەرێم داهاتی ئەو نەوتە ببڕێت كە پێویستە هەرێم بینێرێت، بەوپێیەش هەرێم نەوت ڕادەست نەكات و داهاتەكەی ڕادەست بكات.

قوباد تاڵەبانی: گفتوگۆكان بەردەوام دەبن تا دەگەینە ئەنجام

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی شاندی باڵای حكومەت بۆ بەغداد، ئەمشەو لە بەغداد لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییدا وتی، “داوا لە هەموو لایەک دەکەین سەبریان هەبێت، ئێمە لێرەین بۆ وەرگرتنی مافی هەرێمی کوردستان و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و دڵنیام دەگەینە ئەنجامێکی سەرکەوتوو”.

جێگری سەرۆكی حكومەت دەنگۆی شكستهێنانی گفتوگۆكانیشی ڕەتكردەوە و ئاشكرایكرد، “گفتوگۆكانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو بگەنە ئەنجامێک”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئامادەین داهاتی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان ڕادەست بكەین”.

“بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەوەی عێراق فشارێكی زۆر لەسەر لایەنەكان زۆرن، ئەمەش ئاستەنگ لە بەردەم گفتوگۆكاندا دروستدەكات”، قوباد تاڵەبانی وای وت.

نوری مالیكی و قوباد تاڵەبانی

مالیكی پاڵپشتی لە كورد دەكات

چوارشەممەی ڕابردوو 9ی كانونی یەكەم، شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی چووە بەغداد، لەو ڕۆژەوە شاندەكە چەندین كۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ لایەنە حكومی و سیاسییەكانی عێراق ئەنجامداوە.

دوایین كۆبوونەوەی شاندەكەش ئەمڕۆ لەگەڵ نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسادا بوو.

سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، نوسینگەی مالیكی بڵاویكردەوە، مالیكی جەختیكردووەتەوە لەسەر پێویستیی چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و جێبەجێكردنی بنەماكانی دەستوور و فەراهەمكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عێراق لە سەرجەم ناوچەكان، هەروەك هاوپشتی خۆی بۆ “ئەو داخوازییانەی گەلی كورد دەربری كە گونجاوە لەگەڵ چوارچێوەكانی یاسا و دەستووردا”.

بابەتی پێشتر

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق: ویستی سیاسی ڕێگرە لە ئەنجامدانی سەرژمێری

بابەتی دواتر

پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی كرێی مامۆستایانی وانەبێژ خەرجدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share