یونسکۆ: عێراق تابلۆیەکی بزماریی 3500 ساڵە وەردەگرێتەوە

ڕێکخراوی یونسکۆ ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە تابلۆیەکی قوڕیی بزماریی کە بەشێکە لە داستانی گەلگامش و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 3500 ساڵ دەگەڕێنرێتەوە بۆ عێراق.

یونسکۆ ئاشکرایکردووە، تابلۆکە لە ساڵی 1991 لە مۆزەخانەکانی عێراق دزراوە و دوای چەند ساڵێک گەیشتووەتە ئەمریکا، تابلۆکە لە قوڕ دروستکراوە و بە نوسینی بزماری بەشێک لە داستانی گەلگامشی لەسەر نوسراوە.

بەپێی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا تابلۆکە لە کاتی شەڕی کەنداودا لە ساڵی 1991 لە مۆزەخانەکانی عێراق دزراوە، لە ساڵی 2003 بازرگانێکی کەلوپەلە شوێنەوارییەکان کڕیوییەتی و بەوڕێگەیە گەیشتووەتە ئەمریکا.

لە ساڵی 2007 ئەو تابلۆیە بە نرخی 50 هەزار دۆلار بە بەڵگەنامەی ساختە فرۆشراوە، دواتر لە ساڵی 2014 لەلایەن زنجیرە بازرگانیی (هۆبی لۆبی)ەوە بەنرخی 1.67 ملیۆن دۆلار کڕدراوە، بەمەبستی پیشاندانی لە مۆزەخانەی کتێبی پیرۆز لە واشنتن.

بەڵام لە ساڵی 2017 یەکێک لە پارێزەرانی مۆزەخانەکە دەکەوێتە گومانەوە لەسەر بنەڕەتی تابلۆکە چونکە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە تابلۆکە کە لەکاتی مامەڵە پێوەکردنیدا بەکارهێنراون تەواونەبوون.

لەساڵی 2019 دەسەڵاتی ئەمریکا تابلۆکەی ڕەوانەی دادوەری فیدراڵی کردووە و بڕیار لەبارەی گەڕاندنەوەی تابلۆکە بۆ عێراق دراوە.

لە مانگی تەمموزدا ئەمریکا 17 هەزار پارچە شوێنەواری گەڕاندەوە بۆ عێراق کە مێژووی بەشێکی زۆریان بۆ چوار هەزار ساڵ پێشتر دەگەڕایەوە.

بابەتی پێشتر

ئێران.. شەش کەس دەستگیرکران تا ئێستا 25 منداڵیان فرۆشتووە

بابەتی دواتر

تایبەت بە کچان.. بۆ شوو ناکەیت؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share