جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ” ویستە سیاسییەكان ڕێگرن لەبەردەم ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لە عێراق.”
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوی نووسینگەكەی، حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 15ی كانونی یەكەم پێشوازی كردووە لە ڕیتا كۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان لە عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پرسی پەرەپێدانی دانیشتووان و كاری هاوبەشی نێوان نەتەوەیەكگرتووەكان و حكومەتی عێراق كراوە، بە مەبەستی جێبەجێكردنی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق و زەمینەسازی بۆ سەردانی بەڕێوبەری هەرێمیی سندوقی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ دانیشتووان لە ساڵی داهاتوودا بۆ بەغداد.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، ڕێككەوتن كراوە لەسەر ڕێكخستنی وۆركشۆپێك بە سەرپەرشتی پەرلەمان سەبارەت بە گرنگیی سەرژمێریی دانیشتووان و گرنگیی ئەنجامدانی لە زووترین كاتدا.
لە وەڵامی ئەوەشدا، حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، “ئەوەی تا ئێستا ڕێگربووە لەبەردەم ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان، ویستە سیاسییەكان بوون.”