حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نهسڕ و سهرۆكوهزیرانی پێشووتری عێراق، ماوەی چەند ڕۆژێكە هێرشی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەكاتە سەر سەرۆكوەزیرانەكانی پێش و دوای خۆی، لەڕێگەی لێدوان و وتارێكییەوە، درزێكی خستووەتە ڕیزی لایەنە شیعەكانەوە، پێدەچێت گیرسانەوەی ئاسان نەبێت.
عەبادی لەلایەك دەڵێت حكومەتەكەی عادل عەبدلمەهدی مۆڵەتی دابوو بە هاتنی ئەو دوو فڕۆكە بێفڕۆكەوانەی ئەمریكا كە ساڵێك لەمەوبەر، لە بەغداد قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندس، جێگری ئەوكاتی سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی-یان كوشت، لەو لاشەوە ڕەخنەی ناڕاستەوخۆ لە نوری مالكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق و مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی ئێستا دەگرێت. ئەو دەیەوێت بڵێت لە سەردەمی فەرمانڕەوایی مالكی عێراقی دووچاری شەڕ و قەیرانی دارایی كرد، لەكاتی سەرۆكوەزیرانییەكەی عادل عەبدلمەهدی دا خۆپیشاندان سەریهەڵدا و دوو كەسی دیار بە فڕۆكەی ئەمریكا كوژران، لەم سەردەمەی كابینەكەی مستەفا كازمی-شدا، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئارادایە و حكومەت موچەی پێنادرێت، بە جۆرێك لە وتارەكەی ڕۆژی یەكشەممەیدا كە لە ڕێوڕەسمێكدا بە بۆنەی سێیەمیین ساڵیادی سەركەوتن بەسەر داعشدا، حزبەكەی ڕێكیخستبوو، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نهسڕ، ڕایگەیاند كە لە سەردەمی حكومڕانیی ئەودا، سەرباری ئەوەی دووچاری جەنگ بووبوونەوە و هاتبوونە سەر خەزێنەیەكی بەتاڵی دەوڵەت، كەچی موچە و دەرماڵەكان دوانەدەكەوتن و لەكاتی خۆیاندا دابەشدەكران.
عەبادی هۆشداری دا له دووباره سهرههڵدانهوهی داعش و وتی، “دەبێت ههمووان هاوكاربن لەپێناو دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی هاوبەش به مهبهستی خزمەتکردنی هاوڵاتییان و پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات، له سهرووی ههمووشیانهوه هاوئاههنگیكردنی هەموو لایەنەكان لەپێناو ئهنجامدانی هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە، هەموو ئەو قسانەشی، پەیامی ناواخن ئاڕاستەكراو بوون بەرەو مالكی و عەبدلمەهدی و كازمی، بەو واتایەی كە پێش ئەو وڵات دووچاری شەڕ كرابووەوە و ئابوری داتەپێ بوو، دوای ئەویش وڵات مایەپووچ بووە و دۆخە ئەمنییەكەشی بەڕادەی مسۆگەریی سەقامگیر نییە و هێشتا مەترسی داگیركردنەوەی بەشێك لە خاكەكەی لەلایەن داعش-ەوە لەئارادایە.
لە كاتێكدا عەبادی ئەم وتارەی دەدا، لە دەرەوەی هۆڵەكە لایەنێكی سەرەكی پلانی دادەڕشت بۆ پەلكێشكردنی ناوبراو بۆ لێكۆڵینەوە، ئەوەش بەهۆی لێدوانێكی ئەمدواییەی ناوبراوەوە، كە وتی، “حكومەتەكەی عادل عەبدلمەهدی، مۆڵەتی دابوو بەو فڕۆكانەی ئەمریكا كە ئەبو مەهدی موهەندس و قاسم سلێمانی-یان كوشت.
سەرباری ئەوەی عادل عەبدلمەهدی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لەسەر لێدوانەكەی عەبادی هاتەدەنگ، ئەوا هێشتا بابەتەكە دانەخراوە و ئەو لێدوانەی عەبادی، كاردانەوەی زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە، گێژاوێك، كە پێدەچێت عەبادی لەكاتی وتنی ئەو قسانەیدا، بیری بەلای سەرهەڵدانیدا نەچووبێت.
عادل عەبدلمەهدی لە ڕاگەیاندراوێكی درێژدا، وەڵامی عەبادی دایەوە و بێبەریبوونی خۆی لە خوێنی سلێمانی و موهەندس ڕاگەیاند و جەختی لەوە كردەوە كە حكومەتەكەی مۆڵەتی بەو فڕۆكانە نەدابوو بێنە عێراق و لە بەغداد سلێمانی و موهەندس تیرۆر بكەن، بەڵكو لە ماوەكانی كۆتایی تەمەنی كابینەكەیدا، فڕۆكە بیانییەكان ئاسمانی عێراق-یان پێشێل دەكرد و بەبێ مۆڵەت وەرگرتن لە حكومەتی عێراق، بە ئاسماندا دەسووڕانەوە.
وتەكانی هەریەك لە حەیدەر عەبادی و عادل عەبدلمەهدی، پارتەكەی هادی عامری-یان هێنایەدەنگ. عامری كە لەسەروبەندی كوژرانی ئەبو مەهدی موهەندس-دا، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بووە و موهەندس-یش جێگری، بەدوای سەرەداوێكدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی ڕاستیی بابەتەكە بزانێت و وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی دەستبكەوێت:- “داخۆ عادل عەبدلمەهدی و حكومەتەكەی، مۆڵەتیان بە فڕۆكەكانی ئەمریكا دابوو ئەبو مەهدی موهەندس و قاسم سلێمانی تیرۆربكەن؟ وە ئایا عەبادی زانیاریی زیاتری لەبارەی ئەو كەیسەوە لەلایە، یاخود قسەكانی بێبنەما بوون؟”
بۆ دەستكەوتنی وەڵامی ئەو دوو پرسیارە، هاوپەیمانیی فەتح كە هادی عامری سەرۆكایەتیی دەكات، داوا دەكات لێكۆڵینەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی-دا بكرێت.
لەو بارەیەوە، موعین كازمی، سەركردە لە پارتەكەی عامری ڕایگەیاند، “ئەو لایەنەی كە مۆڵەتی بە هاتنی فڕۆكەكانی ئەمریكا بۆ ئاسمانی عێراق دابوو، دوای ڕوداوی تیرۆركردنی سلێمانی و موهەندس، هیچ ناڕەزاییەكیان دەرنەبڕی بەرانبەر بە پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، (وەك ئاماژەیەك بۆ عادل عەبدلمەهدی و كاربەدەستانی ئەمنی و سەربازیی حكومەتەكەی).
موعین كازمی دەڵێت، “عادل عەبدلمەهدی سەرۆكوەزیرانی پێشوو، دەسەڵاتی دابوو بە وەزارەتی بەرگری و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان، بۆ ئەوەی مۆڵەت بدەن بە فڕۆكە بیانییەكان ئاسمانی عێراق بەكاربهێنن.”
ئەو سەركردەیەی پارتەكەی هادی عامری، پێیوایە لایەن هەبێت لەناوخۆی عێراق-دا دەستی لەگەڵ ئەمریكییەكاندا تێكەڵ كردبێت و هاوكاری كردبن لە كوشتنی ئەبو مەهدی موهەندس و قاسم سلێمانی-دا، بۆیە جەختیكردەوە كە “دوورنییە هەندێك لایەنی عێراقی بەكرێگیراوی ئەمریكا، لە پرۆسەی كوشتنی سلێمانی و موهەندس-دا تێوەگلابن.”
بەوپێیەی هادی عامری، لەكاتی كوژرانی سلێمانی و موهەندس-دا سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی بووە، زیاتر لە هەمووان خۆی بە خاوەنی خوێنی ڕژاوی ئەوان دەزانێت، چونكە ئەبو مەهدی موهەندس جێگری بوو، قاسم سلێمانی-ش هاوكار و هاوسەنگەری، جگە لەوەی كە پەیوەندیی ئەو سیانە، مێژووییەكی 30 ساڵەی هەبوو، لەو سۆنگەیەوە، پارتەكەی عامری داوا دەكات لێكۆڵینەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی-دا بكرێت. موعین كازمی دەڵێت، “پێویستە دادگا و لایەنە ئەمنییەكان، لێكۆڵینەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووتردا بكەن و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكەن لەبارەی لێدوانەكەیەوە سەبارەت بە ڕەزامەندبوونی عێراق بە هێرشەكەی سەر سلێمانی و موهەندس، هەروەها بۆ وەرگرتنی هەموو ئەو زانیارییانەی كە عەبادی لەبارەی تیرۆركردنی سلێمانی و موهەندس-ەوە هەیەتی.