رووداوەكانی كوشتن لە هەولێر زیادیانكردووە

لەماوەی كەمتر لە مانگ و نیوێكدا چوار حاڵەتی كوشتن لە هەولێر روویانداوە، كە دواهەمینیان ژنێكی 22 ساڵ بوو و باوكی هۆكارەكەی بۆ كەمتەرخەمی پۆلیس و ئاسایشی شارەكە دەگەڕێنێتەوە.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لە 6ی كانونی دووەم تا 18ی شوبات چوار حاڵەتی کوشتن لەناو شارەکەدا ئەنجامدراون کە سیانیان بەهۆی کێشەی خێزانییەوە بوون.

دوێنێ لە شاری هەولێر ژنێکی تەمەن 22 بە ناوی شاجوان سەباح لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە لەناو بازاڕی ناحیەی قوشتەپە کوژرا.

سەباح حەمەکەریمی باوکی رایگەیاند، “لە دوای جیابوونەوەی لە کچەکەم پێنج جار داوای یاساییم لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمارکرد، بەڵام هیچ جارێك یەك كاتژمێر نەگیرا تا کچەکەمی کوشت”.

وتیشی، “هۆکاری کوشتنی کچەکەی من بنکەی پۆلیس بوو، چونکە خۆم دوو جار چوومە لایان پێموتن هەڕەشەمان لەسەرە، وتیان خۆ تەقەی لێنەکردوون هەر کات کردی ئەو کاتە وەرەوە”.

رووداوی کوشتنی شاجوان تەنها رووداوی کوشتن نییە لەم مانگەدا لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکرابێت، شەش رۆژ لەمەوبەر و لە رووداوێکی دیکەدا گەنجێکی دیکە بەناوی فەرمان عەبدولخالق (تەمەن 32 ساڵ) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتیەوە کوژرا.

هاوکات لە مانگی رابردوودا دوو حاڵەتی دیکەی کوشتن لە سنووری پارێزگاکە روویدا کە یەکێکیان کوشتنی پیاوێک بوو بە ناوی بێستون حەسەن کە دواتر تەرمەکەی لە بناری چیای سەفین دۆزرایەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە لە 6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کچێکی تەمەن 11 ساڵان بە ناوی رەها لەلایەن باوکییەوە لە گەڕەکی موفتی شاری هەولێر کوژرا.

زیادبوونی حاڵەتەكانی كوشتن لەكاتێكدایە، پێشتر حكومەتی هەرێم هەڵمەتی كۆكردنەوە و دەستبەسەراگرتنی چەكی راگەیاند.

لەگەڵ زۆربوونی رووداوەكانیشدا، بەرپرسانی شارەكە و وەزارەتی ناوخۆ هیچ روونكردنەوەیەكیان نەداوە، ئاخۆ تۆمەتباران ئەو چەكانەیان لەكوێ بوو یان چۆن دەستیان كەوتووە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەربڵاوی چەك و زیادبوونی رووداوەكان دەریدەخات هەڵمەتەكەی حكومەتی هەرێم بۆ دەستبەسەراگرتنی چەكی بێمۆڵەت، بێ كردار و تەنها میدیاكان بووە زیاتر لەوەی بۆ بنەبڕكردنی بێت لە دەستی هاوڵاتییاندا.

بابەتی پێشتر

گواستنەوەی نەوت لە کێڵگەی سارتە بەهۆی ناڕەزایی خەڵکەوە راگیراوە

بابەتی دواتر

بۆ دابینکردنی سەبەتەی خۆراک لە مانگی رەمەزاندا هەرێم چاوەڕێی بەغدادە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئاگر لە چیای گۆیژە كەوتەوە

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئاگر لە چیای گۆیژە كەوتەوە و تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەدان.…
Total
0
Share