توركیا لە ریزی هاوكارییەكانیشدا ناوی هەرێمی كوردستان ناهێنێت

تیمی تەندروستیی كوردستان لە شاری ئیسلاحیەی توركیا

لەگەڵ ئەوەی توركیا ناوبەناو ناو و بڕی ئەو هاوكارییانە ئاشكرادەكات كە لە دوای بومەلەرزەكەی سەرەتای ئەم مانگەوە رەوانەی كراون، بەڵام هیچكات ناوی هەرێمی کوردستان نەهێنراوە هەرچەندە هەرێم و خەڵكەكەی بڕێکی زۆر پێداویستی و تیمی تایبەتی رەوانە کردووە.

لە دوایین لێدواندا مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئاشكراكرد کە هاریکاریی وڵاتەکەیان کردووە لە دوای بومەلەرزەکەی رۆژی 6ی شوبات، لە پرۆسەی گەڕان و دۆزینەوەی هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەدا کە کەوتوونەتە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکانەوە.

چاوشئۆغلۆ وتی، كۆی ئەو كارمەندە بیانییانەی لەئێستادا بەشدارن لە پڕۆسەكانی گەڕان و رزگاركردندا گەیشتووەتە حەوت هەزار و 98 كەس لە 74 وڵاتەوە.

لەگەڵ ئەوەی وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە، هەروەها دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) و فەرمانگە پەیوەندیدارەكان ناوبەناو ناوی وڵاتان و بڕی هاوكارییەكانیان ئاشكرادەكەن، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەكیان بە هەرێمی كوردستان نەكردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەرێمی کوردستان هاوکاریی مرۆیی، تیمی گەڕان و پزیشکیشی رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کردووە.

لە 6ی شوباتدا دوو بومەلەرزە بە گوڕی 7.8 و 7.6 پلە بە پێوەری رێختەر باكوور و رۆژئاوای كوردستان و تورکیا و سوریای هەژاند، بووەهۆی زیانێکی گەورەی گیانی و ماددی لە هەردوو وڵاتەکەدا.

بابەتی پێشتر

مەرجەکانی فرۆشتنی دۆلار بە عومرەکاران لە فڕۆکەخانەکان ئاشکرادەکرێت

بابەتی دواتر

لە لوبنان هێرشکردنە سەر بانکەکان دەستیپێکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share