بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازی لە هونەرمەندانی بوارەكانی شانۆ، شێوەكاری، فیلمسازی و مۆسیقا كرد.
لە دیدارەكەدا رۆڵی هونەر و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆمەڵگە، دۆخی ئێستای هونەر لە هەرێمی كوردستان و پاڵپشتی و پشتیوانیی هونەرمەندان گفتوگۆی لەبارەوەكرا.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵی هونەرمەندان كرد لە رابردوودا كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان هەبووە و توانیوویانە ماندوونەناسانە خزمەتی فەرهەنگ و كەلەپووری كوردی بكەن و مێژوویەكی درەوشاوە تۆماربكەن و راشیگەیاند، “دەبێت هونەر لەسەردەستی ئێوە بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری سلێمانی كە بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە رەنگدانەوەی ناوەكەی بێت و ئێوەی هونەرمەند دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر بگێڕن لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و سەلیقەی گشتی، بەرهەمەكانتان رەنگدانەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیی هەرێمەكەمان بێت و نموونەی هونەری باڵا پێشكەش بە خەڵكی خۆمان و جیهان بكەین”.
لەبارەی ئازادیی كاری هونەری و دەستتێوەردانی سیاسیشەوە سەرۆك بافڵ وتی، “نابێت هونەر بە سیاسی بكرێت و رێگەمەدەن هیچ كەس و لایەنێك دەستوەردان لە كارەكانتان بكات و رەخنەگربن و لە رێگای هونەرەكەتانەوە بەگژ نادادی و ستەمدا بچنەوە، ئەمەش یەكێكە لە ئەركەكانی هونەر”.
لە بەرامبەردا هونەرمەندانی كوردستان ئاماژەیان بە گرفت و بەربەستەكانی نێو كایەی هونەركرد و میكانیزمی چارەسەركردنی كێشەكانیان خستەڕوو و رایانگەیاند، ئەم دیدارانە گرنگی خۆیان هەیە و هۆكارێكە بۆ رەواندنەوەی كێشەكان و هەنگاونان بە ئاراستەی داهێناندا.
هەروەها ستایشی هەوڵ و پشتیوانییەكانی سەرۆك مام جەلال و هێرۆ خانیان كرد كە لە رابردوودا بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی هونەرمەندان بوون و لەسەر دەستی ئەوان هونەر لە هەرێمی كوردستان بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیووە.
هەر لە دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ چەند بڕیارێكی گرنگ و پێویستی لەبارەی دۆخی هونەر و هونەرمەندان لە هەرێمی كوردستان، بەرەوپێشچوون و گەشەپێدانی رەوتی هونەری و پشتیوانیی هونەرمەندان دەركرد و وتی، “ئەنجومەنێكی تایبەت لە هەموو بوارە هونەرییەكاندا دروستدەكەین و پێكەوە هەنگاوی گەورە لەوبارەیەوە دەنێین”.