هێزەكانی هەواڵگری عێراق تۆمەتبارێكیان لە كەركوك دەستگیركرد كە خۆی وەك دادوەری دادگای نێودەوڵەتی بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكان ناساندووە.
ئاژانسی هەواڵگری عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، بەڕێوبەرایەتی هەواڵگری كەركوك تۆمەتبارێكی لە گەڕەكی زەورای كەركوك دەستگیركرد كە خۆی وەك دادوەری دادگای نێودەوڵەتیی تایبەت بە یەكلاكردنەوەی كێشەكان ناساندووە، بە تاوانی بینراوەوە جگە لەوەی چەندین ناسنامەی ساختەی تایبەت بە پۆستە ناڕاستەكە پێبووە.
ئاشكراشیكرد، لەڕێی لێكۆڵینەوەی سەرەتایی لەگەڵیدا دانیناوە بەوەی سەردانی فەرمانگە و وەزارەتەكانی كردووە بۆ بەدواداچوونی مامەڵەكان بە پۆستە ساختەكەیەوە، سەرەڕای ساختەكردنی پەراوێزی وەزیر و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داواكاری هاوڵاتییان سەبارەت بە دامەزراندن یان گواستنەوەی فەرمانبەران لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە لە بەرامبەر بڕێك پارەدا.
لە نێو ماڵەكەشیدا نوسراو و مۆر و بەڵگەی جیاجیای ساختە دۆزراونەتەوە، هەروەك دانی بە ساختەكردنی پێناسە بۆ زیاتر لە (40) كەسدا ناوە بە سیفەتی دادوەر و ڕاوێژكاری نێودەوڵەتی.