“دروستكردنی فەوجێكی كوردیی سەربە حەشدی شەعبی دووبارەبوونەوەی جاشایەتییە”

فەوجی كوردیی سەربە حەشدی شەعبی – فۆتۆ:AA

حزبە كوردییەكان لەبارەی دروستبوونی فەوجێكی كوردیی سەربە حەشدی شەعبی لە كەركوك پێیانوایە، مەترسییە بۆ سەر پێگەی كورد لەو ناوچانە و داوای هەڵوێست لە سەركردایەتیی كورد دەكەن.

ئەمڕۆ فەوجێكی كوردی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە كەركوك ڕاگەیەندرا، سەرپەرشتیاری فەوجەكەش ئاشكرایكرد، سەرجەم ئەندامانی فەوجەكە كورد دەبن، بەشێك لە كوردانی ناوچەكەش بە “جاشایەتی” ناوی دەبەن.

“ئەمە جۆرێكە لە جاشایەتی”

ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی یەكێتی لە لێدوانێكیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بەداخەوە سەركردایەتیی كورد وای كرد كورد خاوەنی نەبێت، بارودۆخی كەركوك وای لێنەهاتایە وا نەدەبوو، چۆن كۆن جاشایەتی هەبوو، ئێستاش ئەمە جۆرێكە لە جاشایەتییەكە و زیاتریش دەبێت، ڕەنگە هەندێك لە سەركردایەتیی كوردیش ئاگایان لەم هەنگاوە بێت”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەن ئەوەشی خستەڕوو، “پێشتر ڕاپۆرتمان لەبارەی ئەو هەنگاوەوە نوسی و ڕێگری لێكرا، تا مام جەلالیش مابوو ئەمجۆرە شتانەی قبوڵ نەدەكرد، ئەگەر ئەم فەوجە نەجاحەت بهێنێت و دروستببێت ئەوا هەموو كورد سەری پیا دەكات و وەك ئەفواج خەفیفەكەی جاران و جاشایەتی دەبێت”.

“ئەمانە هەمووی پیلانن دژ بە كورد”

ئازاد جەباری ئاماژەی بەوەكرد، “كە میلەت بێخاوەن مایەوە و سەركردە و ڕابەری نەبێت دەبێت چاوەڕوانی هەموو شتێك بكەین، ئەم هەنگاوەش نەمانی كوردە لە كەركوكدا فرەكوێخاییە و لە هەڵبژاردنەكانیشدا كورد دەنگ ناهێنێت، ئەمانەش هەمووی پیلانن بۆ ئەوەی كورد دەنگ نەهێنێت و یەكگرتوو نەبێت”.

سەبارەت بە هەنگاوەكانی كورد بۆ ڕێگی لەو هەنگاوەی كە وەك مەترسی دەبیندرێت، ئازاد جەباری وتی، “پێویستە حزبە كوردییەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی ئاگادركردنەوەیەك بنێرن بڵێن ئەوە هەڵەیەكی گەورەیە، ئەگەر بە جدی ئاگاداركردنەوەیەك بدرێت كە ئەوە لە خزمەتی میلەتی كورددا نییە، ئەوكات من پێشبینی دەكەم سەركەوتوو بێت و دروست نەبێت”.

محەمەد كەمال، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە پشكی پارتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بێگومان دروستبوونی حەشدی شەعبی لەلایەن كوردەوە باش نییە، چونكە حەشدی شەعبی بە فەرمانی مەرجەعییەت كاردەكەن، ئەمەش لە بابەتی نەتەوایەتیی كوردەوە زۆر دوورە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “تەنانەت لە عێراق ئەگەر حەشدی شەعبییش نەكرێت بە دامەزراو ڕەنگە جێگای نیگەرانی بێت، بۆیە پێشبینی ناكەم دروستكردنی فەوجێكی كوردیی سەربە حەشد سەركەوتوو بێت، باوەڕیش ناكەم جارێكی دیكە خەڵك ئامادەبێت ئەفواج خەفیفە دروست بكاتەوە”.

“گەر سەركەوتوو بێت ئەوا بناغەیەكە بۆ دروستبوونی ئەفواج خەفیفە”

محەمەد كەمال نەیشاردەوە، “بەڕای من ئەم هەنگاوە شتێكی باش نییە و ئەگەر وای دانێین سەركەوتووش بێت ئەوا بناغەیەكە بۆ فەوجی خەفیفە”.

سەبارەت بەوەی ئایا كوردەكان دەچنە ڕیزی فەوجێكی سەربە حەشدی شەعبییەوە، ئەو ئەندامەی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئاماژەی بەوەكرد، “بە نمونەی وتەیەكی هەژاری موكرییان وەڵامت دەدەمەوە كە دەڵێت ‘بچۆ هەر شارێكی كوردی لێیان بپرسە دەوڵەتت دەوێت یان پارە؟ ئەوا پارەكە هەڵدەبژێرن’، بۆیە بە بڕوای منیش خەڵك هەر بۆ موچەكەشی بووبێت بەشدار دەبێت”.

سەرچاوە مێژووییەكان باس لەوە دەكەن، لە ساڵانی هەشتاكاندا سەدام حسێن سوپایەكی لە كورد دروست كرد و ناوی نا “ئەفواج خەفیفە”، ئەو فەوجە سووكانەش زۆربەیان لەلایەن بەشێك لە سەرۆك عەشیرەتەكانی كوردەوە بەڕێوە دەچوون، كە هەندێكیان بە “بەشداریكردن لە لە شاڵاوی ئەنفالدا” تۆمەتبار كراون.

“پێکھێنانی یەکەم فەوجی کوردی سەر بە حەشدی لە کەرکوک”

ئەدھەم جومعە، سەرپەرشتیاری ئەو فەوجە کوردییەى سەربە حەشدی شەعبی ئەمڕۆ شەممە 12ی كانونی یەكەم لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “دەستەی حەشدی شەعبی دوای وەرگرتنی مۆڵەت، سەرجەم ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە پێکھێنانی یەکەم فەوجی کوردی سەر بە حەشدی لە کەرکوک تەواوکرد”.

ئەوەشی خستەڕوو، “سەرجەم ئەندامانی ئەو فەوجەی کە پێکھێنراوە، کوردن و ئەرکیان پاراستنی ناوچە و گوندەکانی دەوروبەری قەزای دوبزە لە باکووری ڕۆژئاوای کەرکوک، ئەرکەکانیشیان لەژێر سەرپەرشتیی میحوەری باکووری حەشدی شەعبی جێبەجێ دەکەن”.

جەختیشی لەوەشکردەوە کە فەوجە کوردییەکە “ڕۆڵێکی گرنگ”ی دەبێت لە پاراستنی ناوچە و گوندەکانی باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای کەرکوک.

بابەتی پێشتر

لەم هەفتەیەدا باران ڕوو لە هەرێم دەكاتەوە

بابەتی دواتر

لەبارەی دۆخی كەركوكەوە هۆشداری دەدرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسیی هەرێم: باران دەبارێت

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ و سبەینێ ئەگەری نمە باران هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم…
Total
0
Share