دوای بڕیاری حكومەتی بەغداد بە ناردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی هەرێم، ئەمڕۆ 60 تانكەر نەوت لە كەركوكەوە رەوانەی شارەكانی هەولێر و سلێمانی كرا.
بڕیاری ناردنی نەوتەكە پێشتر بە رەزامەندی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بڕیاری وەزارەتی نەوت بوو و ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەمە دووەم كاروانی نەوتە لەمساڵدا بە بڕیاری حكومەتی ناوەند رەوانەی هەرێم دەكرێت.
لە 12ی ئەم مانگە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی گەیشتە هەرێمی كوردستان و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەكرێن.
ئاشكراشیكرد، وەزارەتی نەوت رازی بووە كە یەك لیتر نەوتی سپی بە 500 دینار بدرێتە هاوڵاتییان لە كاتێكدا پێشتر یەك لیتر بە 750 دینار دراوەتە هاوڵاتییان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەپێی بەدواداچوونەكانی لەم هەفتەیەوە دابەشكردنی نەوتی سپی لە سەنتەری شارەكان دەستپێدەكات.