بەهۆی دۆسیەی گەندەڵی و دەستکاریکردنی سیستەمی دارایی ساڵانی ڕابردوو، یانەی یوڤانتۆس لە لێواری کارەساتێکی نوێدایە.
ڕۆژنامەی “کۆرێری دێلۆ سپۆرت”ی ئیتاڵی ئاشکرایکردووە، دوای داشکاندنی (15) خاڵ لە ژمارەی خاڵەکانی یانەی یوڤانتۆس لە ڕیزبەندیی یانەکانی “کالچیۆ”، داواکاری گشتیی ئیتاڵیا بیر لە لێبڕینی (15) خاڵی دیکە لە باڵانسی یانەکە دەکاتەوە.
داواکاری گشتیی ئیتاڵیا چەند بەڵگەیەکی دەستکەوتووە لەسەر دۆسیەی دەستکاریکردنی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە مووچەی یاریزانان لە ماوەی کۆرۆنا لە ساڵی 2020.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەگەر هەیە سزاکان هەندێک لەو یاریزانانەش بگرێتەوە کە بەشدارییان لە پرۆسەکەدا کردووە، لە نموونەی پاولۆ دیبالا، مێریح دیمیڕاڵ، سزاکەشیان دوورخستنەوە و سڕکردن دەبێت بۆ ماوەی مانگێک.
لە ئەگەری لێبڕینی (15) خاڵی دیکە لە یانەی یۆڤانتۆس، بە هەشت خاڵەوە دەکەونە کۆتا پلەی ڕیزبەندیی خولی ئیتاڵیا.