پارێزەرێك بە ناوی شیراز شەهاب بارزانی لە شاری هەولێر وەك خۆی دەڵێت، هێرشیكراوەتەسەر و سەرباری سووكایەتیپێكردن، بە دەمانچە هەوڵی كوشتنی دراوە.
پارێزەری راوێژكار شیراز شەهاب بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، سەرباری ئەوەی کە خاوەنی چەندین ساڵی خەبات و شەهید و ئەنفالە لە بنەماڵەکەی و چەندین ساڵە لە بواری کاری حزبی و پارێزەری خزمەتی بە هاوڵاتییان و پارتی كردووە، كەچی پەلاماردراوە و ئۆفیسی پارێزەرییەكەی داخراوە و دۆسیەكەی شێوێندراوە.
بەپێی وتەی ئەو پارێزەرە راوێژكارە، هەوڵیداوە لە رێگەی پۆلیسەوە دەمانچە لە هێرشكارەكان بستێنێت و بە ڤیدیۆ بەڵگەی ئەو دیمەنەی لایە، كەچی وەك ئەوەی ئەو دەمانچەی راكێشابێت مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكەیدا دەكرێت.
دەقی پەیامەكە:-
پەیامێک بۆ رای گشتی و ئەنجومەنی دادوەری و سەندیکای پارێزەرانی کوردستان
من پارێزەری راوێژکار (شیراز شەهاب بارزانیم) کە خاوەنی چەندین ساڵی خەبات و شەهید و ئەنفالم لە بنەماڵەکەم و چەندین ساڵە لە بواری کاری حزبی و پارێزەریم خزمەتم بە هاوڵاتییان و ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانیم کردووە، بەداخەوە لە بەرواری (2022/12/7) كاتژمێر دوای (6)ی ئێواره دوو بە ناو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی باجەکانی هەرێم، بەبێ خۆناساندن و به ئسلوبێکی ناشیاو هاتنە ناو ئۆفیسی پارێزەریم، وێڕای ئەوەی کە بە رێزەوە پێشوازیمان لێکردن، بەڵام بەداخەوە یەکێکیان کە ناوی فەتحوڵایە کە سکرتێر و ئامۆزای کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکانی هەرێمە، دەستی بە سوکایەتیکردن بە من و خانەوادەکەم و ئۆفیسی پارێزەریم كرد، منیش بۆ بەرگریکردن لە پیرۆزیی پیشەی پارێزەری و ئۆفیسی پارێزەریم وەڵامم دایەوە. ئەویش لە ناو ئۆفیسی پارێزەریم دەمانچەی لێڕاکێشام هەڕەشەی کوشتنی لێکردم لە بەرامبەر ئەوەی کە قبوڵم نەکردیە کە ناوبراو سوکایەتی به پیشەی پارێزەری و ئۆفیسی پارێزەریم بکات کە لە گرتە ڤیدیۆکەیانی ئەوە دەردەکەوێت، دواتر من بۆ بەرز ڕاگرتنی یاسا و سەروەریی یاسا پەیوەندیم بە پۆلیسی فریاکەوتن و ئاسایش کرد تاوەکو دەمانچە له دەستی تۆمەتبار (فەتحوڵا) سکرتێر و ئامۆزای کەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتیی باجەکانی هەرێم وەربگرن، بەڵام سەیر لەوەدایە لە بری ئەوەی تۆمەتبارەکه دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگای بکەن، لەم کاتەدا بە بڕیاری قائیمقامی هەولێر بۆ رازیکردنی دڵی کەمال وەرتی ئامۆزای تۆمەتبار (فەتحوڵا) نووسینگەی منیان بە قفڵی قایمقامیەت قفڵ دا بەو شێوەی وەک من بە دەمانچە هێرشم کردبێتە سەر فتح اللەی تۆمەتبار و سەیرتر ئەوەیە کە سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و خودی سەرۆکی سەندیکا وێڕای ئاگادارکردنەوەیان لەو کێشەیە، هیچ کاردانەوەکیان نەنواند و بێدەنگییان هەڵبژارد کە دەبووا وا نەبووا ئەگەر بە راست نوێنەری پارێزەرانن، ئەوەی جێگای سەرسووڕمانە ئەوەیە کە من له بەرواری (2022/12/8) لە بنکەی پۆلیسی بەختیاری سکاڵام لەسەر هەر یەک لە تۆمەتباران ( کەمال وەرتی ) بەڕێوەبەری گشتیی باجەکانی هەرێم و هەر یەک لە (فەتحوڵا) و (ڕۆژان) تۆمارکردیە بە بڕیاری دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەر سێ تۆمەتبار بڕیاری ئیستقدامیان لەسەرە بۆئامادەبوونیان لە دادگای ناوبراو، کەچی تاوەکو ئێستا تەنها لە بەردەم بنکەی پۆلیسی بەختیاری ئامادە بووینە، نازانم لەبەر چ هۆکارێک رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر نەکراون لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیارییەوە، سەیرتر لە تەواوی ئەو بابەتانە ئەوەیە لە بری تۆمەتباران رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکوڵینەوەی هەولێر بكرێن تاوەکو رێکاری یاسایی له دژیان ئەنجام بدرێت، لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەختیاری و خودی ئەفسەری بنکەی ناوبراو رێگا دراوە کە تۆمەتباران سکاڵا لە دژی من تۆماربکەن وەک ئەوەیە من بە دەمانچەوە هێرشم کردبیته سەریان لە بەڕێوەبەرایەتیی باجەکانی هەرێم لە خۆڕا نەوترایە (تا خاوەن ماڵ دزی دەستگیرکرد دز خاوەن ماڵی دەستگیرکرد) و سەيرتر لەوه من خۆم پەپوەنديم به بەڕێوەبەری باجەكان كەمال وەرتی كرد هەڕەشەی لە من دەكرد كه ئاسايش ئیجرائاتم لەگەڵ دەكەن بەبێ ئەوەی راست و دروستیی بابەتەكە بزانێت.
من وەک پارێزەر شیراز تەنها دەمەوێت یاسا سەروەربێت و پیشەی پیرۆزی پارێزەری شکۆداربێت و تۆمەتباران سزای خۆیان وەربگرن و کەمال وەرتیش لە سەرووی یاساوە نەبێت.