قوباد تاڵەبانی، لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی فەڕەنسی- ئەڵمانی، جەختی لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە هەرێمی كوردستان كردەوە، وتیشی، ” ئێمە لەگەڵ ئەوەین ڕێككەوتن لەسەر كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەبێت”.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ئەمڕۆ یەكشەممە، لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە ئیریك شۆڤالیێ، باڵیۆزی فەرەنسا و مارتین یێگەر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق.
لە كۆبوونەوەكەدا كە كونسوڵی گشتیی هەردوو وڵاتەكە و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبوون، باسیان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا كرد و هەروەها دواپێشهاتە سیاسییەكان گفتۆگۆیان لەبارەوە كرا.
جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرفتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و هەنگاوەكانی قۆناغی داهاتوو بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە كرد و جەختیكردەوە، “دەبێت كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەربكرێن لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا”.
لەبارەی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقیش، قوباد تاڵەبانی وتی، “تێگەیشتنی باش هەیە بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی و چاوەڕێین ئەمە لە یاسای بودجەی 2023 ڕەنگدانەوەی هەبێت كە ئەوەش كێشەیەكی سەرەكییە لە نێوان هەردوو حكومەتدا و جەختیشیكردەوە كە ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان چارەسەربكرێن”.
پرسی ووزە و نەوت و غاز بەشێكی تری كۆبوونەوەكە بوو، كەتێیدا جێگری سەرۆك وەزیران وتی، “ئەم پرسە نیشتمانییە و دەبێت سازانی لەسەر بێت تا سامان و داهاتی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی خەڵك بەكاربێت”.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، جێگری سەرۆك وەزیران جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لە هەرێمی كوردستان كردەوە بە ڕەچاوكردنی تێبینییەكانی لایەنە سیاسییەكان و ماف و پێگەی هەموو پێكهاتەكان”.