قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی سەربازیی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتیی ژەنەڕاڵ ئەندروو گارنەر جێگری فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا جەختی لەسەر بەردەوامی ڕیفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە كردەوە و رایگەیاند، “نابێت ناكۆكییە سیاسییەكان رێگربن لە بەردەم ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگەدا”.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنجشەمە، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، گفتوگۆكرا لە بارەی ڕەشنووسی پڕۆژەی ریفۆرم لە هێزەكانی پێشمەرگە و هەردوولا هاوڕابوون كە بۆ پرۆسەی ڕیفۆرم و رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەبێت رێككەوتنێك لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا بكرێت كە هەم قابیلی جێبەجێكردن بێت و هەم روون و شەفاف بێت و لایەنەكان پێوەی پابەندبن”.
جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەكەدا جەختیكردەوە سەرباری هەموو ناكۆكییەكی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەردەوامدەبن لە پرۆسەی ڕیفۆرم و بە دامەزراوەییكردنی زیاتری هێزەكانی پێشمەرگە و ڕاشیگەیاند، “نابێت ناكۆكییەكان رێگربن لە بەردەم پرۆسەی ریفۆرمدا”.
شاندی هاوپەیمانان ستایشی هەڵوێستی قوباد تاڵەبانییان كرد كە بەردەوام پشتگیری لە چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە و جەختیشیان كردەوە كە دەبێت دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی چاكسازی خێراتر و باشتر بەرەوپێش بچن.