کازمی لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا دۆسیەی سیاسی و ئابوری تاوتوێ دەکات

بەپێی وتەی باڵیۆزی عێراق لە تورکیا ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 17 ی کانونی یەکەم، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکات و چەند دۆسیەیەک لەوانە سیاسی و ئابوری لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتووێ دەکات.

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە حەسەن جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، سەرەتا فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی تورکیا دەکات وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ تورکیا.

ئەو دۆسیانەی کە چاوەڕێ دەکرێت مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەو شاندەی لەگەڵیدایە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسی بکەن، پرسی سیاسی و نیگەرانییەکانی تورکیایە سەبارەت بە بونی پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکی عێراقدا و هەروەها جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال و پرسی بوونی هێزەکانی نزیک لە پەکەکە لە شەنگال.

جگە لە پرسی ئابوری چاوەڕێدەکرێت شاندی عێراق بەسەرپەرشتی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی سەرچاوەکانی ئاو لەگەڵ تورکیا تاوتووێ بکەن، چونکە هەردوو ڕوباری گەورەی ئاوی عێراق، دیجلە و فورات سەرچاوەی هاتنەکەیان لە وڵاتی تورکیاوەیە، ئەگەرچی فورات دەچێتە خاکی سوریا و پاشان لە ئەبوکەمال و قائیمەوە دەچێتە خاکی عێراقەوە.

بابەتی پێشتر

ترەمپ: کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوو دەستدەکەین بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی فایزەر

بابەتی دواتر

بەشیر حەداد: دواکەوتنی بودجەی 2021 دەبێتە هۆی دواکەوتنی موچە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share