کاروان گەزنەیی چەندین دۆسیەی گەندەڵی و كاری نایاسایی ئاشكرادەكات

کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وەك خۆی رایگەیاند، چەندین دۆسیەی گەندەڵی لە ژمارەیەك دامەزراوەی هەرێمی كوردستان خستەڕوو، لەوانە دۆسیەی گەندەڵییەکانی دەروازە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران، برایم خەلیل، گرێبەستە نایاساییەکانی وەزارەتەکانی حکومەت و داگیركاریی زەوی.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان بە جەختكردنەوەوە وتی، “لە هەرێمی كوردستان كەس لەسەر دۆسییەكانی گەندەڵی رووبەڕووی دادگا نەكراوەتەوە و گەندەڵی لە كوردستان بە بەرنامە و پلان و بە شێوەی سیستماتیك دەكرێت”.

ئاشكراشیكرد، “وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، گرێبەستی كردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئەنفال، بەڵام ئەو رێكخراوەی گرێبەستەكەی لەگەڵدا كراوە رێكخراوێكی وەهمییە”.

بەپێی وتەی گەزنەیی، گرێبەستی كوالێتیی كۆنترۆڵ و وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان، دراوە بە كەسێك لە ناو حزبێكی دیاریكراوی كوردستان و بەوەش نرخی دەرمان لەسەر هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان گرانكراوە.

راشیگەیاند، “سەرباری ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە هەموو جۆرێكی چیمەنتۆ هاوردەی هەرێمی كوردستان نەكرێت، تا ئێستا لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران رۆژانە چیمەنتۆ دەهێنرێتە كوردستان و بۆ پڕۆژەی بازرگانیی كەسێك لە هەولێر تەرخانكراوە و بە رێژەی 100% لێخۆشبوونی گومرگیی بۆ كراوە. هەروەها شیش بە نایاسایی هاوردەی هەرێم دەكرێت و بە رێژەی 100% لێخۆشبوونی گومرگی بۆ كراوە و لەوەشدا فێڵدەكرێت، بەو پێیەی هاوردەكردنی شیش راگیراوە، بە شێوەی قاڵبی داڕێژراو دەهێنرێت و لە هەرێم دەتوێنرێتەوە و دەكرێت بە شیش، داهاتەكەشی بۆ بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمە”.

لە درێژەی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا، كاروان گەزنەیی وتی، رۆنی ئۆتۆمبێل و گازوایل لە هەرێمی كوردستانەوە دەبرێنە دەرەوە و ئەوەش قەیرانی سووتەمەنیی دروستكردووە و ئاشكرایكرد، “پاڵاوگەی لاناز گازوایل و رۆنی ئۆتۆمبێل رەوانەی دەرەوە دەكات لەوانە ئەفغانستان، ئەو گازوایلەی رۆژانە هەناردە دەكرێت 375 هەزار لیترە و مانگانە دەكاتە 11 ملیۆن و 250 هەزار لیتر و ئەگەر لە ناوخۆدا بەكاربهێنرێت، گرفتی كەمیی گازوایل چارەسەردەبێت و لیرتێكی لە هەزار دینارەوە دەبێتە 500 دینار”.

وەك كاروان گەزنەیی دەڵێت، “كۆدی ژمارە سفر لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە ناوی هێزەكانی 80ـی پارتییەوەیە، كە جۆرێك شت داخڵدەكەن كەس نازانێت چییە و كەس بۆی نییە بارەكان بكاتەوە” و وتی، “هەر كەسێك زانیارییەكانی منی بەلاوە راستنییە، با لە دادگا سكاڵام لەسەر تۆماربكات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە “بە ئۆتۆمبێلی وەزارەتی پێشمەرگە جگەرە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و هەفتانە دوو ملیۆن دۆلاری داهاتەكەی دەچێتە گیرفانی بەرپرسێكی باڵای هەرێمی كوردستانەوە، كارمەندێكی ئاسایش لەگەڵ بارهەڵگرەكەدا سەردەكەوێت و كەس ناتوانێت رایبگرێت و پشكنینی بۆ بكات”.

لەبارەی دۆسیەی داگیركردنی زەوییەوە، گەزنەیی رایگەیاند، “لە هەولێر زەوییەك بە ژمارە سێ كە رووبەرەكەی 10 دۆنمە، بە ناوی دژەتیرۆری پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستی بەسەرداگیراوە و خاوەندارێتییەكەی لە هاوڵاتییەكەوە گۆڕاوە، بەبێ ئەوەی خۆی ئاگاداربێت. زەوییەكی دیكەش بە ژمارە شەش و بە رووبەری 96 دۆنم داگیركراوە و كاتێك خاوەنەكانیان بەدواداچوونیان بۆ دۆسیەكە كردووە، هەڕەشەی كوشتنیان لێكراوە”.

بابەتی پێشتر

سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرتاسەری ئەمریکا راگیران

بابەتی دواتر

فێرناندێز (8) ملیۆن قەرەبووی لە بەرشلۆنە سەند

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان: لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنین

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدانی گشتیی لەماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان بڵاودەکەینەوە. دادوەر عومەر…
Total
0
Share