وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەستپێشخەرییەک بۆ ئەو نووسەرانە رادەگەیەنێت کە کتێبیان لە چەند بوارێکی دیاریکراودا هەیە، بەبێ بەرامبەر بە تیراژی 500 دانە بۆیان چاپدەکات و سەرپشکیان دەکات کە نرخی لەسەر دادەنێت یان دەیبەخشن.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە، “بەمەبەستی پاڵپشتی نوسەران و بایەخدان بە چەند بابەتێک بۆ کتێبخانەی کوردی و خوێنەران، ئەو نوسەرانەی کتێبیان هەیە و خزمەتی یەکێک لەو بوارانە دەکات کە دیاریکراوە، وەزارەتی پەروەردە ئامادەیە کتێبەکانیان بێبەرامبەر بۆ چاپ بکات لە چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە لە هەولێر، بە تیراژی 500 دانە و تەواوی کتێبەکانیش دەداتەوە بە نوسەرەکەی و ئەویش ئازادە لەوەی دەیبەخشێت یان نرخی لەسەر دادەنێت و مافی هەموو چاپکردنەوەیەکیش بۆ نوسەرەکەی پارێزراو دەبێت”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو کتێبانەی خزمەتی هزری نیشتیمانی و نەتەوەیی دەکەن، ئەو کتێبانەی خزمەتی زمانی کوردی دەکەن لە هەر بوارێکدا، ئەو کتێبانەی خزمەتی بواری پەروەردە دەکەن، ئەو کتێبانەی خزمەتی بواری پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەن، ئەو کتێبانەی خزمەتی بواری ژینگە و ژینگە پارێزی دەکەن دەستپێشخەرییە دەیانگرێتەوە”.
ئاشکراشیکرد، ” پێویستە نوسەر ژمارەی سپاردنی لە وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتبێت، کتێبەکانی بە یەکێک لەم ئەندازانە ( 17سم پانی / 24سم درێژیی) یان ( 21سم پانی / 29 سم درێژیی)دیزاین کرابن”.