وەزارەتی رۆشنبیری رایگەیاند، “بڕیارە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوو، فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆبایل سازبکرێت”.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، “بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایاری داهاتوودا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی مۆبایل، لە شاری سلێمانی سازبکات”.
باس لەوەشدەکات، “فێستیڤاڵەکە لە لایەن، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بەشی هونەری سینەمای سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی ڤیم سازدەکرێت”.
وەزارەتەکە دەڵێت، “فێستیڤاڵەکە تایبەت دەبێت بە بەرهەمی هونەریی ئەو سینەماکارانەی لەڕێگەی مۆبایلەوە فیلم بەرهەمدەهێنن و چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە”.
لەبارەی مەرجی سەرەکیی بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکەدا وەزارەتی رۆشنبیری ئاشکرایدەکات، “دەبێت فیلمەکان لەڕێگەی مۆبایلەوە وێنەگیرابن، بابەت و ناوەرۆکی چیرۆکی فیلمەکان کوردی بێت و ماوەی فیلمەکە لە 15 خولەک زیاترنەبێت، دوا وادە بۆ ناردنی فیلمەکان (15ی نیسانی 2025)ـە و هەر کەسێک ئارەزووی بەشداریکردن دەکات، تا ئەو وادەیە، بەرهەمەکەی لەڕێگەی بەستەری فێستیڤاڵەکەوە رەوانە بکات”.
وەزارەتی رۆشنبیری ئەوەش دەڵێت، بۆ پەیوەندی و وەرگرتنی وەڵامی هەر پرسیارێک، دەتوانن پەیوەندی بکەن بە تیمی سەرپەرشتیارانی فێستیڤاڵەکە لەڕێگەی ژمارە (07705443333).