رێكخراوە خێرخوازییەكان ئەوانەی بەشداری لە هەوڵەكانی رزگاركردنی كۆچبەران لە ئاوەكاندا دەكەن، ئیدانەی ئەو رێوشوێنانەی دژ بە كۆچ دەكەن كە بەمدواییە لەلایەن حكومەتی ئیتاڵیاوە بڕباری لەبارەوە دەرچووە.
بەپێی رێكخراوەكان ئەو رێوشوێنانە دەبنەهۆی مردنی زیاتری كۆچبەران لە دەریای ناوەڕاستدا.
بەپێی بڕیارێك كە هەفتەی رابردوو پەسەندكرا پێویستە كەشتیی رێكخراوە خێرخوازییەكان داوای رێگەپێدان لە یەكێك لە بەندرەكان بكات و بەخێرایی و بێ دواكەوتن رووی لێبكات پاش هەر هەڵمەتێكی رزگاركردن، لەجیاتی مانەوە لە دەریا و گەڕان بەدوای بەلەمەكانی دیكەی كۆچبەران وەك ئەوەی ئێستا پەیڕەو دەكرێت.
ئەو كەشتییانەی سەرپێچیی یاساكە دەكەن رووبەڕووی پێبژاردن دەبنەوە كە دەگاتە 50 هەزار یۆرۆ (52760 دۆلار) سەرەڕای دەستبەسەراگرتنی كەشتییەكە.
17 رێكخراوی ناحكومی لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا “ترسی زۆر”ی خۆیان لەبارەی بڕیارەكەی حكومەتی ئیتاڵیا بە سەرۆكایەتیی جۆرجیا میلۆنی نیشانداوە.
رێكخراوەكان، ئیتاڵیا تۆمەتباردەكەن بە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی ئەوكاتەی كە لەمیانەیدا كەشتییەكان ئەركی گەڕان و رزگاركردن ئەنجامدەدەن.
بەپێی راگەیەنراوەكە، رێكخراوە ناحكومییەكان بە كردەیی دەناڵێنن بەهۆی ئەنجامنەدانی پڕۆسەكانی گەڕان و رزگاركردن لەلایەن وڵاتەكانەوە، كەمی لە كەشتییەكانی رزگاركردن بێگومان دەبێتە هۆی نقومبوونی زیاتری كۆچبەران بەشێوەیەكی كارەساتئامێز لە ئاوەكاندا.
لەنێو ئەو رێكخراوانەی راگەیەنراوەكەیان واژووكردووە هەریەك لە، (پزیشكانی بێسنوور) و (سی ئەی) و (سی وۆچ) و (ئێس، ئۆ، ئێس هیومانیتی) هەن.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا لە ساڵی 2022دا نزیكەی 105 هەزار و 140 كۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، لە بەرامبەر 67 هەزار و 477 لە ساڵی 2021، 34 هەزار و 154 كۆچبەر لە ساڵی 2020دا.
بەپێی خەمڵاندنەكانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2022دا. نزیكەی هەزار و 400 كۆچبەر لەكاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.