بە تۆمەتی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ دوو تۆمەتبار دەستگیركران

پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاشكرایكرد، لەسەر دۆسیەی كوشتنی گەنجەكەی قەرەداغ، دوو تۆمەتبار دەستگیركراون و لە هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی‌ براكەی‌ دیكەیان كە پلەدارێكی سەربازییە و لە هەولێر نیشتەجێیە.

بەپێی راگەیەندراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە، دوو دەستگیركراوەكە برای كوژراوەكەن و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

رۆژی‌ 2023/1/3 تەرمی‌ هاوڵاتییەك لە رێگەی‌ سلێمانی‌ – قەرەداغ دۆزرایەوە كە دوای‌ رەوانەكردنی‌ بۆ پزیشكی‌ دادوەریی دەركەوت كەسەكە خنكێندراوە، وەك پۆلیسی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، “پێشتر و لە رۆژی 23-12-2022ـدا هاوسەری‌ كوژراوەكە هەواڵی دیارنەمانی هاوسەرەكەی گەیاندبووە بنكەی‌ پۆلیسی‌ چوارچرا و سكاڵای‌ یاسایی لەسەر سێ برای‌ هاوسەرەكەی‌ تۆماركردبوو”.

راشیگەیاند، “دادوەر بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیركرنی بۆ تۆمەتباران دەركرد، هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و توانرا دوو برای كوژراوەكە دەستگیربكەن ‌و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، هەروەها هێزەكانی‌ پۆلیس لە هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی‌ براكەی‌ دیكەیان كە پلەدارێكی سەربازییە و لە هەولێر نیشتەجێیە”.

پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لە ساڵی‌ 1995دا باوكی ئەو كەسانە بە ناوی (ل، ح) لە گوندی‌ كانی خاكی‌ سەر بە ناحیەی‌ سەنگاو كوژراوە، هەروەها رۆژی‌ 2014/6/14 لەسەر رێگەی عەربەت – سلێمانی تەرمی دوو برای‌ دیكەیان‌ به‌ كوژراوی‌ دۆزرانه‌وه”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سەباح هەورامی: بڕیاری بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی دارایی هۆکاری كەمی دەرمانە لە سلێمانی

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی، كێشەی كەمی دەرمان لە پارێزگاكە دەخاتە ئەستۆی بەڕێوەبەرێكی وەزارەتی داراییە، كە بڕیاریداوە تەنها 5%ی شایستەی…
زیاتر ببینە

وەزارەتی پەروەردە: پێویستمان بە دابینکردنی 200 سمارت بۆرد هەیە بۆ ناوەندەکانی خوێندن

وەزارەتی پەروەردە، ڕایگەیاند، پێویستمان بە دابینکردنی 200 سمارت بۆرد هەیە بۆ ناوەندەکانی خوێندن. وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند،…
Total
0
Share