بڕیارە سێ ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگانە زیادبكرێن و وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان دەڵێت، داوایانكردووە بەشەئاردی هاوڵاتییانی هەرێم باشبكرێت.
لە رۆژانی رابردوودا وەزیری بازرگانیی هەرێم سەردانی بەغدادی كردبوو، لەگەڵ وەزیرانی بازرگانی و پیشەسازیی عێراقدا كۆبووبووەوە و لەبارەی چەندین پرسەوە گفتوگۆیان كردبوو، لەوانە بەشەخۆراك و ئاردی مانگانەی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان.
كەمال موسلیم لەو بارەیەوە بە ئێستای وت، بڕیارە سێ ماددەی دیكە بۆ بەشەخۆراكی مانگانە زیادبكرێن و دوو ماددەی دیكەش بڕەكانیان زیادبكرێن و ئاردی هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی شارەكانی تر باشتربكرێت و دوانەكەوێت.
پێشتر بە بڕیاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاردراوە پێكهاتەكانی بەشەخۆراكی مانگانە زیادبكرێن و 250 گرام شیر، 200 گرام چای و كیلۆیەك ئاردی سفر بخرێنە لیستی خۆراكەكانەوە و شەكر و رۆنیش بڕەكانیان زیادبكرێن، بە جۆرێك هەر ئهندامێكی خێزان كیلۆیەك شەكر و لیترێك زەیت وەربگرێت.