بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و موسەنا سامەڕائی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم لە ماڵی مام لە بەغداد كۆبوونەوە.
لە دیدارێكدا كە هەژار حەسەن كوێستانی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی ئامادەبوو، دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسییەكان تاوتوێكران و جەخت لە جێبەجێكردنی بەرنامەی حكومەت كرایەوە لە چوارچێوەی دەستوور و رێككەوتنی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە شێوەیەك كە لە خزمەت هەموو گەلانی عێراق بێت.
لە درێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە بەردەوامی گفتوگۆكان و یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان كرد و رایگەیاند، “بە هەموو شێوەیەك نادادی و جیاكاری رەتدەكەینەوە و دەمانەوێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند رێكبخەینەوە تا وەكو چیتر هاوڵاتیيان نەبنە قوربانیی ململانێ سیاسییەكان و هەمووان لەژێر چەتری دەستووردا مافەكانیان پارێزراوبێت، پێكەوە لەپێناو داهاتوویەكی پرشنگداردا هەنگاوبنێین و ئامانجە باڵاكانمان بەدیبهێنین”.