روونكردنەوەیەك لە پۆلیسی هەولێرەوە

هێزەكانی پۆلیسی هەولێر

پۆلیسی هەولێر روونكردنەوە لەبارەی ئەو رووداوەوە دەدات كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە تێرمیناڵی بەغداد روویدا و دەستگیركردنی شەش كەسیش رادەگەیەنێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، کاتژمێر 1ی نیوەڕۆ هێزەكانیان ئاگاداركرایەوە لە بوونی رووداوێکی تەقەکردن لە (تێرمیناڵی بغداد)، دوای گەیشتنی هێزەکان دەرکەوت، لە نێوان بەڵێندەر و ئەو کەسانەی کار لە شوێنی ناوبراو دەکەن بووەتە دەمەقاڵیان و لەئاکامدا تەقە لەنێوانیاندا دروستبووە.

دەشڵێت، دواتر شەش لە “ئاژاوەگێڕەکان” دەستگیرکران کە یەکێکیان تەقەی کردووە و دەستبەسەر چەکی بەکارهاتووشدا گیرا.

پۆلیسی هەولێر روونیشیكردەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رێکخرا و پەڕاوەکە رەوانەی بەردەم دادوەری ئێشکگر کرا بۆ ئەوەی رێککاری یاسایی دەرحەق بەو تەقەکەرانە بگیرێتەبەر.

ئەمڕۆ ، شۆفێرانی گەراجی بەغداد لە هەولێر، دژی زیادکردنی باج و کرێ لەسەریان ناڕەزاییان دەربڕی و لە بەرامبەردا هەڵسووڕێنەرانی گەراجەکە بە گولـلە وەڵامیان دانەوە و تەقەیانلێکردن، بەو هۆیەوە ژمارەیەک شۆفێر برینداربوون.

بەشێك لەو شۆفێرانەی قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا کرد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەوانەی تەقەیانلێکردوون سەر بە حزبێکی دیاریکراون.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share