دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەمارەتێكی تیرۆریستانی داعش لە سلێمانی ئاشكرادەكات كە پەیوەندییان بە كردەوە تیرۆریستییەكەی قەرەداغەوە هەبووە.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئاسایشی سلێمانی كە وێنەیەكی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە و تێیدا هاتووە، ئەم گروپە پەیوەندییان بە كردەوە تیرۆریستییەكەی قەرەداغەوە هەیە كە تیرۆریستێك رووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بووەتەوە و كوژرا و هەر لەو چوارچێوەیەدا پیلانێكی دیكە پوچەڵكرایەوە كە چەند تیرۆریستێكی تاوانبار مەرامیان بوو لە هەرێمی كوردستانەوە هەڵبێن، پەیوەست بە رووداوەكەی ئاشداخ لە سەنگاو و پیلانێكی دیكە لە چەمچەماڵ شكستپێهێندرا كە بۆ ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی خۆیان ئامادەكردبوو.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە ٥٤ تیرۆریست دەستگیركران و سێ تیرۆریستیش كوژران.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێم لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی بەڵگەی دروستی دەستكەوت لەسەر پێنج پیلانی تیرۆریستانی داعش كە یەكەم مەرامیان بوو، چەند حەشارگە و سەربازگەیەك لە سنووری سلێمانی دروستبكەن و كردەوەی تیرۆریستی لە شارەكانی هەرێم ئەنجامبدەن ، دووەم كاریان دروستكردنی ئەمارەتی داعش لە گرتووخانەی چاكسازیی گەورانی سلێمانی و سێهەمیش هەڵهاتنی ژمارەیەك چەكداری داعش لە رێگای هەرێمی كوردستانەوە، و چوارەم پیلانیان رۆشتنی چەند تیرۆریستێك لەناو شارەكانی هەرێمەوە بۆ حەمرین و پەیوەندكردنیان بە چەكدارانی داعشەوە، پیلانی پێنجەمیش دروستكردنی حەشارگە لە ناوچەی سەنگاو و ئەنجامدانی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی كە دواتر بە بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ژوورێكی لێكۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی پێكهێندراو ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بە وردی بەرنامەڕێژی بۆ ئاشكراكردنی پیلانەكانی تیرۆریستانی داعش داناو بەدواداچوونە هەواڵگرییەكانی دەستیپێكرد و لە ئەنجامدا زانیاریی پێویست بەدەستهات دوای رەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، رێوشوێنی توندوتۆڵی ئەمنی لەچەند ناوچەیەكی سلێمانی گیرایەبەر و چەند گومانلێكراوێك خرایە ژێر چاودێری وردەوە.
ئاسایشی سلێمانی زانیاریی زیاتری ئاشكراكردووە كە سەرئەنجام لە شەوی چوار لەسەر پێنجی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ تیرۆریستی تاوانبار ( بەشدار) لە كاتی گەڕانەوەی لەناوچە شاخاوییەكانی دووز بۆ سلێمانی لە قەرەداغ لە بازگەی ئاسایش، لە كاتی سۆراغكردنی ناسنامەی و هەوڵدان بۆ دەستگیركردنی هەڵدێت و رووبەڕووی هێزەكان دەبێتەوە و دوای برینداركردنی ژمارەیەك لە كارمەندانی پۆلیس و ئاسایش و هەڵدانی چوار نارنجۆك و خۆبەدەستەوەنەدانی كوژرا.
لە راگەیەندراوەكەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، هەر لەو چوارچێوەیەدا رۆژی 21ی 9ی 2022 تیرۆریست سەعد ئیبراھیم ناسراو بە
(ئەبو سەجاد) بە هاوكاریی هێزە عێراقییەكان لە سەڵاحەددین كەپەیوەندی هەبوو لەگەڵ تیرۆریستی كوژراو بەشدار دەستگیركرا و پێنجی ئەم مانگە و 21ی ئەم مانگە لە دوو ھەڵمەتدا ھەردوو تیرۆریست ( ڕەوەز ئاوات) لە شارەزوور و ( ڕێبەر فەرھاد ) لەناو باڕازی سلێمانی كە بەهەمان شێوە پەیوەندییان بە تیرۆریستی كوژراو ( بەشدار ) ەوە هەبووە و دەستیان لە ئەنجامدانی چەند كردەوەیەك ھەبووە، بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور دەستگیركران.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە هەر پەیوەست بەم كەیسە نۆ تۆمەتباری دیكە دەستگیركراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە
-تیرۆریست (بەرهەم محەمەد ) ناسراو بە ( بەشدار) دانیشتووی ناوچەیەكی قەزای سەیدسادقە و بەیعەتی داوە بە تیرۆریستانی داعش و پەیوەندی بەستبوو لەگەڵ هەر دوو ویلایەتی ( دیالە – كەركوك ) ، ( شیمالی بەغداد ) دوای چەندین جار سەردانیكردنی ناوچە شاخاوییەكانی نزیك دووز و زینانە و پەڵكانە بەپیلانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە شاخاوییەكانی بەرزنجە، دوكان و شارباژێر چەندین ئەشكەوت و نەفەق و تونێل و سەربازگەیەك بۆ مەشق و راهێنانیان دروستدەكات و ئامادەیان دەكات تا لە نزیكترین كاتدا چەكدارەكانی داعش بگوازرێنەوە بۆ ئەو سنوورانە و دەست بە ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكانیان بكەن لەناو شارەكاندا، كە دواجار هەموو ئەو حەشارگە و چەك و تەقەمەنییانە دەستیبەسەردا گیرا و روونیش بووە تیرۆریستی كوژراو پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئەمارەتی داعش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی هەبووە.
پێشتریش ناوبراو تۆمەتبار بووە بە تەقەكردن لە هێزە ئەمنییەكانی شارەزوور و بەرزنجە و نانەوەی كێشە لە نێوان عەشیرەتەكانی بێسەری و مۆریاسی و هەستاوە بە سووتاندنی باخ و ماڵ و كوشتنی ئاژەڵەكانیان و دروستكردنی دووبەرەكی لەو ناوچانەدا.
ئاسایشی سلێمانی راشیگەیاندووە، بە دواداچوون و لێكۆڵینەوەكان چڕتركرانەوە و پیلانەكانی ئەمارەتی گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی ئاشكراكران، كە سەرپەرشتی و داڕێژەری چەندین پیلانی تیرۆریستی بوون لە هەرێم و شارەكانی عێراق كە لە رێگای سۆشیال میدیا و مۆبایلی زیرەك و سیمكارتەوە كە بەدەستیان هێنابوو لەناو گرتووخانەوە ! كاروبارەكانیان رایدەكرد و 15 تیرۆریستی سزادراو بە هاوكاریی ئیدارەی گرتووخانەی چاكسازی گەوران خرانە ژێر چاودێری و لە كاتژمێری سفردا بە بەڵگەوە دەستگیركرانەوە و شكست بەبەرنامەكانیان هێنرا كە لەخۆ ڕێكخستنەوەو بەرفراوانكردنی چالاكییەكانیاندا بوون و سەرپەرشتی ناردنی گەنجانیان دەكرد بۆ ناو تیرۆریستانی داعش.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، تەواوی تیرۆریستەكان لە سەرەتای دروستبوونی قاعیدە و داعش بەیعەتیان داوە و چەكداری فعلی بوون و بەشداربوون لە ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تیرۆریستی لە هەرێم و عێراق و ماوەی سزای یاساییان لە تەواوبووندا بوو كە راستەوخۆ لەلایەن تیرۆریستی هەرە تاوانبار ( ئەبو مەصعەب) والی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، سەرپەرشتی و ئاراستەكراون.
— پێكهاتەی ئەمارەتی تیرۆریستانی داعش لە گرتووخانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی بەم شێوەیە بووە:-
تیرۆریست محەمەد عەبدولعەزیز الدهلكی ناسراو ( ئەبو قتیبە، ئەبو فاتیمە ) ئەمیری ئەمارەت
تیرۆریست وسام سلگان ناسراو بە ( دكتۆر هانی) جێگری ئەمیری ئەمارەت
تیرۆریست ئاراس حەكیم لێپرسراوی هۆڵی 6 بلۆكی یەك
تیرۆریست هیوا عەزیز لێپرسراوی هۆڵی 3 بلۆكی یەك
تیرۆریست ئەحمەد خچیر لێپرسراوی هۆڵی 7 بلۆكی یەك
تیرۆریست دیار مەحمود لێپرسراوی هۆڵی 4 بلۆكی یەك
تیرۆریست موهەنەد سەباح لێپرسراوی هۆڵی 6 بلۆكی یەك راڕەوی سێ ناسراو بە (ئەبو ھەیمەن)
تیرۆریست عەمار محەمەد لێپرسراوی هۆڵی 4 بلۆكی دوو
ناسراوە بە (ئەبو ملاك)
تیرۆریست تەها عەتیە ناسراوە بە ( ئەبو یاسین ) لێپرسراوی هۆڵی 11 بلۆكی یەك
هەریەك لە تیرۆریستان ( رزگار یاوەر، عەمار غائب، قادر نامق، مەنسور محەمەد، ئازاد مەجید، مەحمود عەواد) وەك جێگرانی لێپرسراوی هۆڵەكان دەستنیشانكراون.
دانپێدانانی تیرۆریستان:-
لەلایەكی ترەوە پیلانێكی تری تیرۆریستانی داعش ئاشكراكرا كە مەرامیان بوو ژمارەیەك چەكداری هەڵهاتوویان كە لە دادگاكانی عێراق داواكراوبوون لە رێگای هەرێمەوە رەوانەی دەرەوە بكرێن. دوای زانیاری و لێكۆڵینەوەی ورد ئەم پیلانەش پووچەڵكرایەوە و هەریەك لە چەكدارانی تیرۆریستانی داعش ( مەسار عەبد، موحسین عەبد، بەكر عەبد، زەید عەبد) كە هەرچواریان برابوون لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان لەكاتی راكردنیاندا لە رۆژی 31ی 10ی 2022 دەستگیركران و هەر چوار تیرۆریستە هەرە تاوانبارەكە بەرپرسیار و سەرپەرشتیاری چەندین كردەوە تیرۆریستی بوون.
هەر پەیوەست بە هەوڵەكان بۆ سەقامگیری ئاسایش و ریشەكێشكردنی تیرۆر، پشت بەستوو بە دواداچوون و لێكۆڵینەوە پیلانێكی تری تیرۆریستانی داعش ئاشكراكران كە ژمارەیەك تیرۆریست پیلانیان وابوو هەڵبێن بۆ ناو داعش دوای دەستنیشانكردنی ئامانجەكان لەچەند هەڵمەتێكی جیاجیادا لە رۆژانی 10 و 27ی مانگی رابردوو و 5ی ئەم مانگە لە گەرمیان و سلێمانی بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان هەریەك لە تیرۆریستان (مستەفا كەمال، هەستیار محەمەد ئەمین، ئیسماعیل سەفەر، كاویان حەمدان، عومەر عەبدولكەریم، حسێن یونس) دەستگیركران.
هاوكات پەیوەست بە رووداوی كوشتنی هەر دوو تیرۆریست ( كاوە سەعید ، محەمەد عەلی ) و دەستگیركردنی تیرۆریست ( شەیما نەوزاد ) بە برینداری لە شاخی ئاشداخ لە نزیك گوندی كچان لە سەنگاو لە شەوی 6لەسەر 7ی مانگی 11ی ئەمساڵ كە پیلانیان دانابوو حەشارگەیەك دروستبكەن و چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی ئەنجامبدەن و هێرش بكەنە سەر چەند دامەزراوەیەكی گشتی و پەروەردەیی و ئایینی.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لێكۆڵینەوەكانی چڕتركردەوە و زانیاریی نوێ دەستكەوت لەسەر بوونی چەندین تیرۆریستی تر كەپەیوەستن بەم رووداوە و پیلانیان هەبووە دوای ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكان هیجرەت بكەن و پەیوەندی بە تیرۆریستە كوژراوەكان بكەن لە ناوچەی سەنگاو، دواتر بە هاوكاریی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی 16 ئامانج بە وردی دەستنیشانكران و خرانە ژێرچاودێری و شەوی 9 لەسەر 10ی مانگی 11ی ئەمساڵ لە چەند هەڵمەتێكی جیاجیادا لە چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش هەر 16 تیرۆریستەكە ( شاخەوان یوسف، محەمەد لەتیف، هەمزە ئیسماعیل، عەبدولباست جەبار، هێمن باھیر، نەوزاد عومەر، بێرون وریا، ئەنەس دارا، دارا جەبار، محەمەد عومەر، محەمەد سالار، محەمەد حەسەن، میر غەفور، ئەیوب نەجمەدین، ئەحمەد محەمەد و زاگرۆس عوسمان دەستگیركران و رووبەڕووی دادگاكرانەوە.
لێكۆڵینەوە لەسەر ئەم پێنج كەیسە ئەمنییە بەردەوامە و بەچڕی بەدواداچوون دەكرێت بۆ زانیاری و بەڵگە بەدەستهاتووەكان، لەبەر سەلامەتی هەستیاری رێڕەوی ئاسایشی دۆسییەكان ، بەشێك لە زانیارییەكان بە شاراوەیی هێڵڕاونەتەوە.
ئاشكراكردنی ئەم پێنج پیلانە و شكستپێهێنانی بەرنامەكانیان بۆ تێكدانی ئارامی هەرێم بەرئەنجامی هیمەت و ماندووبوون و كاركردنی بەردەوامی پێنج پێنج مانگ شەونخوونی هێزەكانمانە كە هەموو خەمێكیان بەرقەراكردنی سەقامگیری و ئارامییە بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە دڵنییان دەكەینەوە وەك هەمیشە سەروماڵ و ژیان و ئارامیان دەپارێزین.