بافڵ جەلال تاڵەبانی: تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات نایەتەدی

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ساڵح موسلیم رایگەیاند، تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات نایەتەدی.

لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵا، ھاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کۆبووەوە، کە تێیدا پرسی کورد و گۆڕانکارییە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و بە گرنگییەوە باس لە تەبایی و یەکڕیزیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پرۆژە نیشتمانییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا کە خۆی لە یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکاندا دەبینێتەوە.

هاوکات کۆبوونەکەوە جەختی لەدرێژەدان بە گفتوگۆی نیشتمانی و بونیادنەرانە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە رۆژئاوا، هەروەها بژاردەی سەربازی و شەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان رەتکرایەوە و داواکرا پشتیوانی لە دۆزی کورد بکرێت و دەرچەی سیاسی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا بدۆزرێتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ھاوسەرۆکانی پەیەدە ستایشی هەڵوێستی نیشتمانی و مێژوویی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد بۆ یەکخستنی ریزەکانی گەلی کورد و رایانگەیاند، ” سەردانی سەرۆکی یەکێتی بۆ رۆژئاوا رەهەندێکی مێژوویی و نەتەوەیی لەخۆیدا هەڵگرتووە، بانگەوازێکی ئاشکرایە لەپێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان. ئەمەش هەمان سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلالمان دەهێنێتەوە یاد و بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکەین”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی هەموو خەباتێکی مەدەنی و ئاشتیانە دەکات لە پێناو پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورددا، لەسەر ھەمان رێچکەی سەرۆک مام جەلال درێژە بە سیاسەتی کوردستانیانەی خۆمان دەدەین و ئامانجمان یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کوردە. بۆ ئەمەش دەبێت هەموومان هاوکار و هەماهەنگ بین و کار بۆ پرسی کورد بکەین چونکە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات نایەتەدی”.

بابەتی پێشتر

منداڵێك بە سووتان گیانیلەدەستدا

بابەتی دواتر

"دامەزراوەی ڤیم" دیبەیتێك لەبارەی دەستوورەوە رێكدەخات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share