جەعفەر شێخ مستەفا: سەرۆكایەتیی هەرێم هەموو هەنگاوێك دەنێت بۆ نزیكبوونەوەی یەكێتی و پارتی

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان فۆتۆ: VOA

جەعفەر شێخ مستەفا رایدەگەیەنێت، دەبێت هەمیشە خاوەن بڕیارەكان لە هەردوو حزبدا خوێنی شەهیدەكان لەیادنەكەن و دەشڵێت، سەرۆكایەتیی هەرێم هەموو هەنگاوێك دەنێت بۆ نزیكبوونەوەی یەكێتی و پارتی.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، دەبێت هەمیشە خاوەن بڕیارەكان لە هەردوو حزبدا خوێنی شەهیدەكان لەیادنەكەن، خوێنی شەهیدەكان بكەن بە هەوێنی تەبایی، یەكێتی، برایەتی و رێكخستنەوەی ماڵی كورد تا بتوانین بەیەكدەنگی رووبەڕووی دوژمنان و داگیركەران و هەموو هەڕەشەكانی دیكە ببینەوە.

جەعفەر شێخ مستەفا دوای بەشداریكردن لە دووەم رۆژی پرسەی فەرماندەی شەهید ئاكام عومەر وتیشی، “ئەگەر ئێمە بزانین شەهیدەكانمان لەپێناوی چیدا شەهید بوون، دەبێت دووربكەوینەوە لە هەموو بەرژەوەندییەكی شەخسی و هەموو دەستكەوت و دەسەڵاتێك”.

دووپاتیشیكردەوە، ئەو دەستكەوتانەی هەیە بە خوێن بەدەستهاتووە، پارێزگاریكردن لەو دەستكەوتانە بە خوێن دەكرێت، ئەمنیەت و ئاسایش و ئاوەدانكردنەوەی وڵات بە هێزە ئەمنییەكان دەكرێت، بە هێزی پێشمەرگە دەكرێت، بۆیە شەهید ئاكام نە یەكەم شەهیدە و نە دوایین شەهیدیش دەبێت. تا سەربەخۆیی كوردستان ئێمە دەبێت قوربانی بدەین و فیداكاری بكەین بۆ ئەوەی وڵاتەكەمان ببێتە وڵاتێكی ئازاد.

سەبارەت بە دۆخی سیاسی و رۆڵی سەرۆكایەتیی هەرێم لە نزیكبوونەوەی لایەنەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتی، جێگری سەرۆكی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، سەرۆكایەتیی هەرێم هەموو هەنگاوێك دەنێت بۆ نزیكبوونەوە، لە پێشتریش چەند جارێك كۆبوونەوەی بۆ سەرجەم سەرۆك حزبەكان كردووە، بە بەردەوامیش هەوڵدەدات.

ئاماژەی بەوەشدا، ئومێدی زۆر هەیە پارتی دوای كۆنگرە بێنە پێشەوە بە تەفاهومێكی تەواوەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بابەتی پێشتر

دووەم رۆژی پرسەی فەرماندە ئاكام عومەر لە سلێمانی بەڕێوەچوو

بابەتی دواتر

بنزیمە وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share