ئەمڕۆ شاندی باڵای هەرێم دەگاتە بەغداد

كۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێم و عێراق لە بەغداد ئەرشیف

بڕیارە ئەمڕۆ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغداد بكات.

سە‌میر ھە‌ورامی، وتە‌بێژی فەرمی جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی كانونی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بڕیارە‌ پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وە‌فدی باڵای حكومە‌تی ھە‌رێمی كوردستان بە‌ سە‌رۆكایە‌تی قوباد تاڵە‌بانی، جێگری سە‌رۆكی ئە‌نجومە‌نی وە‌زیران، بگاتە بە‌غداد.

وتیشی، مەبەست لە سەردانەكە “بە‌ردە‌وامیدانە بە‌ گفتوگۆكان و گە‌یشتن بە‌ڕێككە‌وتن لە‌بارە‌ی كێشە‌ ھە‌ڵپە‌سێردراوە‌كان و بە‌تایبە‌ت پرسی دارایی و جێگیركردنی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێمی كوردستان لە‌ پرۆژە‌یاسای بودجە‌ی 2021ی عێراق”.

سەردانەكە لەكاتێكدایە دوێنێ هەرسێ لایەنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە و تیایدا بڕیاردرا “به‌زووترین كات‌ شاندێكى باڵاى سیاسى و حكومیى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غداد بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدراڵ و لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان بۆ‌ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان، به‌تایبه‌تیش بابه‌تى ماف و شایسته‌ دارایییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و جێگیركردنیان له‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراقدا”.

هەر دوێنێ لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران داوایكرد، “خولێكی نوێی گفتوگۆكان” لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربارەی موچە ئەنجامبدرێت، وەك ئەوەی وتەبێژی حكومەتی عێراق ئاشكرایكرد.

هەرێم ئامادەی ڕێككەوتنە

دوایین زانیارییەكان دەربارەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد و ئامادەیی حكومەتی هەرێم بۆ ڕێككەوتنەكە دوێنێ لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی شاندی دانوستانكار ئاشكراكرا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، “لە 26ی تشرینی دووەم سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاڕاستەی مستەفا کازمی کرد و ئامادەیی هەرێمی بۆ پابەندبوون بە یاسای قەرز و ناردنی نەوتەوە نیشاندا”.

وتیشی، “لە سەرجەم سەردان و گفتوگۆکانماندا لەگەڵ بەغداد ئامادەیی هەرێممان بۆ ڕێککەوتن نیشانداوە، هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق نامەیەکی ڕەوانەی ئێمە کردووە و داوادەکات هەرێم پابەندبێت بە جێبەجێکردنی یاسای قەرز، ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێم دوێنێ وەڵاممان داوەتەوە و ئامادەیی هەرێممان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە نیشانداوە”.

لەلایەکی دیکەوە خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی تێبینی و رەخنەمان هەبوو لەسەر چۆنێتی دەرچوونی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنان، بەڵام هەردوای دەرچوونی یاساکە ئێمە ڕامانگەیاند پابەندی مەرجەکانی یاساکە دەبین لەسەر هەرێمی کوردستان.

خالید شوانی وتی، “حکومەتی عێراقمان ئاگادارکردووەتەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی خۆیان ڕابسپێرن وەک چۆن حکومەتی هەرێم لایەنە پەیوەندیدارەکانی خۆی ڕاسپاردووە بۆ ئامادەکاری بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای قەرز، بەمەش هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی سەرشانی خۆی جێبەجێدەکات”.

هەروەها ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، “بە سێ قۆناغ هەرێم ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی سەرجەم پابەندییەکانی پەیوەست بە نەوت و دارایی، بەمەرجێک لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕەوانە بکات”.

هەنگاوی دواتر چییە؟

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو هەنگاوەی هەرێم، هەوڵێكی زۆرباشە، ئەوەش ئەنجامی ئەو فشارانەیە كە یەكێتی و لایەنەكانی دیكە لەسەر حكومەت هەیانبوو بۆ ڕێككەوتنی حكومەت لەگەڵ بەغداد، هەروەها پیشاندانی نیاز پاكییەكەی باشە”.

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو، “گرنگ لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی هەردوولادایە، دەبێت شاندێكی فەرمی لە هەرێمەوە بێنە بەغداد بۆ ئەوەی لەسەر وردەكارییەكەی گفتوگۆ بكەن و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە”.

ئەوەشی ئاشكراكرد، “ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی مستەفا كازمی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كە كوردەكانیش بەشداربوون و لاهور شێخ جەنگی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی بەشداربوو، هەمووان جەختیانكردەوە كە كێشەكان لەگەڵ هەرێم بەپێی دەستوور چارەسەر بكرێن”.

بابەتی پێشتر

شەش هاوڵاتی لەكاتی تاقیكردنەوەكانی ڤاكسینی فایزەردا گیانیان لەدەستداوە

بابەتی دواتر

داعش دوو بیرە نەوتی لە کەرکوک تەقاندەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەشناسیی هەرێم: خۆڵبارین دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، لە سبەینێ چوارشەممەوە خۆڵبارین دەستپێدەکاتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانیی هەرێم بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ…
Total
0
Share