لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل گەنجێك لە خەبات كوژرا

بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵە لەسەر راگرتنی ئۆتۆمبێل گەنجێك لە قەزای خەبات كوژرا و پۆلیسی هەولێر دەڵێت، یەكێكی دیكە بریندارە و سەرقاڵی دەستگیركردنی بكەری تاوانەكەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، پاش ئاگاداركردنەوەی هێزەكانیان لە بوونی رووداوێكی كوشتن لە قەزای خەبات، تیمێكی لێكۆڵینەوە گەیشتنە شوێنی رووداو و دەست بە لێکۆڵینەوە کرا.

دەشڵێت، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت هاوڵاتییەک بەناوی (رێباز حەیدەر رەمەزان) تەمەن (22) ساڵ کوژراوە و هاوڵاتییەکی دیكە بەناوی (فەرهاد ئەحمەد) تەمەن (45) ساڵ برینداربووە.

دەربارەی هۆكاری رووداوەكەش پۆلیسی هەولێر روونیكردووەتەوە، (فەرهاد ئەحمەد) باری بۆ هاتووە و لەوکاتەدا ئۆتۆمبێلێک لە بەردەم گەراجی ناوبراو وەستاوە و ئاگاداری خاوەن ئۆتۆمبێلەکەی کردۆتەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لابدات بە مەبەستی داگرتنی بارەکەی، لەم نێوەندەدا لەگەڵ خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بەناوی (ک.ش. چ.) دەبێتە دەمەقاڵێ و بووەتە شەڕیان، تۆمەتبار چەکی دەرهێناوە و گوللـەی تەقاندووە و ئەو قوربانییانەی لێكەوتووەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و پۆلیس سەرقاڵی دەستگیرکردنی بکەری سەرەکیی تاوانەکەیە.

بابەتی پێشتر

فیۆرنتینای نرخی ئەمرابتی دیاریکرد

بابەتی دواتر

لێدانێکی قورس..مانچستەر یونایتد (270) ملیۆنی لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share