بافڵ جەلال تاڵەبانی: شەهید ئاكام گەورەترین قوربانی بۆ بیروبۆچوونەكانی دا

سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، شەهید ئاكام هیچی نەدەویست جگە لە ئیدارەی بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و بەرەوپێشەوەبردنی پێشمەرگە و یەكڕیزیی كورد و بۆ ئەوەش قەورەترین قوربانیدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتاری رێوڕەسمی گەڕاندنەوە و بەخاكسپاردنی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر-دا رایگەیاند، بەداخەوە ئەمڕۆ لە رۆژی ئاڵای كوردستان كۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە برای ئەزیمان كاك ئاكام عومەر بكەین.

وتیشی، “فەرماندە ئاكام كورد بوو، پیاوێكی بەدین بوو، شەڕی كرد بۆ كوردستان، بۆ میلەتەكەی، بۆ حزبەكەی، كاك ئاكام هیچی نەدەویست تەنیا ئیدارەی بەرگریكردن لە خاكی كوردستان، تەنها ئەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ پێشەوە ببات، تەنها ئەوەی دەویست شەڕی دوژمنەكانی كوردستان بكات، تەنیا ئەوەی دەویست یەكڕیزیی كورد دروست ببێت، تەنیا ئەوەی دەویست میللەتەكەمان ژیانی باشتر بێت، گەورەترین قوربانیشی بۆ ئەم بیروبۆچوونانەی دا”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوەشی وت، “ئەمڕۆ با لەبیرمان بێت كە ئەو بەو تەمەنە گەنجەوە توانی هێزێكی بچوك بكات بەم هێزەی كۆماندۆیە كە ئێستا دەیبینن، ئەو هێزی كۆماندۆیەی كە هەموو نەیار و دوژمنەكانمان لێی تۆقیون، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە شەڕی داعش، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، بەشێكی بنەڕەتی بوو لە دروستكردنی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی كە هەمانە لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان، رۆڵێكی زۆر زۆر گرنگیشی هەبوو لە رێكخستنەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان”.

“كاك ئاكام یەكێك لەوانەبوو كە توانی وابكات یەكێتی بگەڕێتەوە سەر رێبازەكەی جەنابی مام جەلال، ئەو یەكێتییەی كە ئەمڕۆ دەتوانێت یارمەتی عێراق بدات، یارمەتی كوردستانی عێراق بدات، ئینشائەڵا بە پشتیوانیتان یارمەتی خوشك و برایانمان بدات لە هەر چوار پارچەی كوردستان” سەرۆكی یەكێتی وای وت.

ئەوەشی وت، “ئێمە وەكو هێزی كۆماندۆ، وەكو دژەتیرۆر، وەكو پێشمەرگە بەڵێنمان داوە بە كاك ئاكام كە وەك كاك ئاكام بەرگری لە كوردستان دەكەین بە گیان و خوێنمان، لێرەش ئەو بەڵێنە دەدەین بە خەڵكی كوردستان، یەكێتی زۆر قوربانی داوە بۆ ئازادی بۆ مافی چارەنووس بۆ خاكەكەمان، هەزاران شەهیدمان داوە، كاك ئاكام یەكێك لەو شەهیدانەیە، ناهێڵێن، قەد ناهێڵێن ناوی شەهیدەكانمان ون بێت، ئێمە ئەبێت لەو رێگایە بڕۆین تا دەگەینە ئامانجەكەمان”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، شەهید ئاكام هێزی كۆماندۆی لە خۆی زیاتر خۆشدەویست، بەڵێنی بە هێزی كۆماندۆشدا كە بەهێزتر و گەورەترن بن و بەرەوپێشەوە بڕۆن و “یەكێتی، ئەو كوردستانە دروست بكات كە كاك ئاكام خەونی پێوەدەبینی”.

سەرۆكی یەكێتی روو لە كەسوكاری شەهیدی فەرماندە رایگەیاند، بۆ ئەو ئەڵماسەی داتان بە كوردستان، تا یەكێتی ماوە لە خزمەتتاندا دەبین.

روو لە شەهیدیش وتی، “براكەم ئاكام، خوا وەكیلە یەك دەبینینەوە لە شوێنێكی باشتر”.

بابەتی پێشتر

راپەڕین..تەرمی پێشمەرگەیەک لەناو شۆفڵێکدا دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

ژنێک بە هاوکاری کچەکەی هاوسەرەکەی کوشت و لاشەکەی سوتاند

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share