ئەمڕۆ تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر دەگاتەوە هەرێمی كوردستان و بڕیارە رێوڕەسمی تایبەتی لە سلێمانی و هەولێر بۆ ئەنجامبدرێت، بەر لە بەخاكسپاردنی.
بڕیارە كەمێكی دیكە تەرمی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر، فەرماندەی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان لەڕێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە بگاتە خاكی كوردستان و لە رێوڕەسمێكی شایستە و شكۆداردا پێشوازی لێبكرێت.
بەپێی رێوڕەسمی دیاریكراو كە پێشتر نووسینگەی رۆژنامەوانیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاویکردەوە، “دواتر بە شكۆوە بەرەو بارەگای ھێزەکانی کۆماندۆ بەڕێدەکرێت و دوای دواماڵئاوایی ھاوسەنگەرانی، تەرمی پیرۆزی بەرەو شاری هەولێر بەڕێدەكرێت”.
لە هەولێریش پاش بەجێگەیاندنی رێوڕەسمە ئاینی و كۆمەڵایەتییەكان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە زێدی خۆی و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بەخاك دەسپێردرێت.
فەرماندە ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لە 19ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش بە سەختی برینداربوو، ئێوارەی دووشەممە 12ی ئەم مانگە بەهۆی كاریگەریی برینەكەیەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیا شەهیدبوو.