باوكی ناڵە سوپەر بێدەنگی شكاند و پەیامێكی بڵاوكردەوە

باوكی ناڵە سوپەر لەبارەی بڕیاری دادگای هەولێر بە سەپاندنی سزای زیندانی بەسەر كچەكەی بێدەنگی شكاند و بڕیارەكە بە ناڕەوا دەزانێت و دەشڵێت، “دادگا لە بری ئەوەی ماف بۆ كچەكەم بگەڕێنێتەوە، كەچی تۆمەتی ساختەكاریی خستووەتە پاڵی كە دوورە لە ڕەوشتە جوان و بەرزەكەی و ئەو كارانە لە پەروەردەی خێزان و بنەماڵەكەمان ناوەشێتەوە”.

سوپەر جەلال بەگ دەرگەڵەیی، باوكی ناڵە، لە نامەیەكدا كە بۆ كچەكەی ناردووە، دەڵێت، “ئەوەی رۆژێك ئەلف و بێی یاسای خوێندبێت، دەزانێت سەرلەبەری ئەو بڕیارە نادادی و ناهەقییە بەرامبەرت كراوە، ئەو بڕیارەش پەڵەیەكی ڕەشی دیكەی نا بە ناوچاوانی دادگاوە.

دەقی نامەكە:-

بەری رۆژ بە بێژینگ ناگیرێت

بەناو دادگای هەولێر مافت وەربگرێت، كەچی تۆمەتی لۆت بەشییەوە سزای پیشەی ساختەكاری خستیتە پاڵ و پێنج ساڵ و یەك مانگ زیندانی!!! بۆ دەركردی، سەنەوی سەیارەیەك كە نزیكەی دوو ساڵە لەلات نەماوە و خۆشت دەستت نەبووە لە دروستكردنی.

ئەوەی رۆژێك ئەلف و بێی یاسای خوێندبێت دەزانێ سەرلەبەری ئەو بڕیارە نادادی و ناهەقییە بەرامبەرت كراوە بە یەكەمین جەلسەو بەبێ بەڵگە.

ئایا راگرتنی كەسێك بۆماوەی حەوت مانگ و بێسەروشوێنكردنی بۆ نزیكەی مانگێك بێ لێپیچینەوەی دادگا، سەرەڕای خستنە پاڵی چەندین تۆمەت وەك بەكاربەری ماددەی هۆشبەرو كچە مۆدێل و دانانی وێنەت لەگەڵ كەسانێك كە لەكاری قێزەون تێوەگلاون و چەندین قسەی نەشیاوی پەیج و سایتە ناحاڵی و دوور لەكاری رۆژنامەگەری و بنەماكانی، دواجار لە وێستگەی تەزویری سەنەوی سەیارەیەك وەستان كە ئەوەیان ئاسمان و رێسمان جیاوازە لەگەڵ ئەو سزایەی بەسەر تۆیاندا سەپاندووە.

هەرچەندە هەموو ئەوانەی دراوەتە پاڵت لەو كارانە هەر هەمووی دوورە لە رەوشتە جوان و بەرزەكەت و لە پەروەردەی خێزان و بنەماڵەت و ئەو كارانە نە لە كۆن و نە لە ئێستاو نە لە داهاتووش لێت ناوەشێنەوە.

ئەو بڕیارە پەڵەیەكی رەشی دیكەی نا بە ناوچاوانی دادگا

سوپەر جەلال بەگ دەرگەڵەیی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share