بکوژی ئەحمەد ئازاد كە 10 رۆژ لەمەوبەر لە كەركوك كوژرا، لە چەمچەماڵ دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی دژەتیرۆری كوردستان و ئاسایشی کەرکوک و پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەکانی کەرکوک، بکوژی ئەحمەد ئازاد گەنجە یەکەمەکەی سەر ئاستی کەرکوک دەستگیرکرا.
ئاشكراشیكرد، تۆمەتبارەكە لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکراوە.
بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، تۆمەتبارەكە كوردە و پێشتر قوربانییەكەی ناسیوە، پۆلیسی کەرکوک ئەو زانیارییەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند، دواتر زانیاریی زیاتر لەبارەی كەیسەكەوە بڵاودەكەنەوە.
ئەحمەد ئازادی تەمەن 17 ساڵ، 10 رۆژ لەمەوبەر تەرمەكەی بە کوژراوی لە نزیک کۆمەڵگەی “سۆما ستی” لە شاری کەرکوک دۆزرایەوه و دوو گولـلە نرابوون بە دڵ و سەرییەوە.
ئەحمەد خوێندکاری زانکۆ بوو، بەپێی وتەی كەسوكاری، بە مەبەستی کڕینی یارییە ئەلیکترۆنییەکان چووبووە بازاڕ و بڕی 800 دۆلاری پێبووە، لە کامێرای چاودێرییەوە دەرکەوتووە سواری ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاكسی بووە كە دوو کەسی تیادا بووە و تا دۆزینەوەی تەرمەكەی لە رۆژی دواتردا بێسەروشوێن بوو.