عەلی حەمەساڵح: سەرۆكی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت بەڵێنی چارەسەری داگیركردنی زەوییان داوە

عەلی حەمەساڵح

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، دۆسیەی داگیركردنی هەزاران پارچە زەوی و شوێنی خزمەتگوزاری خستووەتە بەردەم سەرۆكی یەكێتی و جێگری سەرۆكی حكومەت و ئەوانیش بەڵێنی چارەسەركردنیان داوە.

عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار یاداشت و بەدواداچوونمان کرد بۆ داگیرکردنی نزیکەی (45 هەزار پارچە زەوی) لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی دیکە لە سلێمانی.

پەرلەمانتارەكە ئەوەشی خستەڕوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا جارێکی دیکە دۆسیەکەی خستووەتەوە بەردەم بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و “بەڵێنی چارەسەرکردنیان دا”.

ئەمڕۆ فەرماندەیی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن چەند بەرپرسێکی نابەرپرسی حزبی و حکومی لە ژێر فشاری هەڕەشە هەستان بە ئیفرازکردنی چەندین پارچە زەوی و داگیرکردنی بۆ مەرامی تایبەتیی خۆیان و ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی کە بۆ خزمەتی شارەکە ئەنجامدەدران، ئەمڕۆ بە فەرمانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ ڕێگریکردن لەو داگیرکارییە جووڵە بە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان کرا بەرەو سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی”.

لەبارەی ئەو هەنگاوەوە عەلی حەمەساڵح وتی، “ئێستا کە ئەم پڕۆسەیە ڕاگیراوە کارێکی باشە، دەبێت ئەوەشی داگیرکراوە بگەڕێتەوە، ئەوەشی دەستدرێژییە بۆ سەر ماستەرپلان و شوێنە خزمەتگوزارییەکان لاببرێت و بگەڕێتەوە.. وەک چۆن بۆ داگیرکاری ڕەخنەمان هەبووە. گەڕاندنەوەش بە کارێکی باش دەزانین”.

دووپاتیشیدەكاتەوە، ناکرێت دەیان هەزار فەرمانبەر چەندین ساڵە چاوەڕێی پارچە زەوییەک بن پێیاننەدرێت، چەند بەرپرسێکیش بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار زەوی بفرۆشن.

بابەتی پێشتر

دەزگای لوتكە: كۆچكردن لە زیادبووندایە

بابەتی دواتر

لاپۆرتا سوپرایزی هه‌یه‌ و دوایین پلانی به‌م جۆره‌یه‌

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share