بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، دەستگیركردنی چوار تۆمەتباری راگەیاند و دەڵێت، قاسەیان بڕیوە و 20 ملیۆن دیناریان دزیوە.
لە راگەیەندراوێكدا بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایكرد، “بە تۆمەتی دزینی قاسەی ماڵێک لە ناحیەی خورماڵ كە 20 ملیۆن دیناری عێراقیی تێدابووە، بنکەی پۆلیسی خورماڵ چوار تۆمەتباری دەستگیرکرد”.
روونیكردەوە، ئەو تۆمەتبارانە بە هاوبەشی کارەکەیان ئەنجامداوە و پاش ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا، “لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی هەڵەبجەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و قاسەکە و بڕە پارەکە دەستیان بەسەردا گیراوە”.
بەپێی راگەیەندراوەكەی پۆلیس، تۆمەتبارەكان قاسە و پارەكانیان لە گوندی گوڵپ لە ژێر خۆڵدا حەشاردابوو و رایگەیاندووە، سەرجەم تۆمەتبارەکان دانیشتووی ناحیەی خورماڵن و بەندکراون.