بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازیکرد لە شاندی باڵای ھێزەکانی حەفتا بۆ بەغداد بە سەرۆکایەتیی لیوا روکن عومەر ساڵح، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی ھێزەکانی حەفتا و شاندێكی یاوەری كە پێكهاتبوون لە لیوا روکن مەریوان محەمەد، فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانیی دوو و وەھاب ھەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای دژەتیرۆر و دیار عومەر، جێگری فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان.
لە دیدارێکدا كە خالید شوانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوو، لیوا روکن عومەر ساڵح، ئامانجی سەردان و كۆبوونەوەكانیانی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، سەرۆکی ئەرکانی سوپا و سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر روونكردەوە و بەرچاوڕوونیدایە سەرۆک بافڵ. ئاماژەشی بەو پلان و بڕیارە نوێیانە دا كە لە پێناو پاراستنی سەقامگیریی وڵاتدا دراون و رایگەیاند، پەرەپێدان و فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لە هەموو ئاستەكان دووپاتكرایەوە و رێككەوتن لەسەر چەند خاڵێك كراوە بۆ زیاتر رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و چەسپاندنی یاسا لە هەرێم و عێراق.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی شاندە باڵاكەی هێزەكانی حەفتای كرد و ئاماژەی بە گرنگی و پێویستیی ئەو هەوڵانە كرد كە لە پێناو پاراستنی ئاشتی و ئارامیدا دەنرێن و رایگەیاند، پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان و بەرقەراربوونی ئاسایش لە ناوچەكە بەندە بە ماندووبوون و هەوڵەكانی ئێوەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یاساشكێنان، بۆیە ئەركی ئێوەیە هەڵگری ئەم بەرپرسیارێتییە گەورەیە بن.
وتیشی، فراوانكردنی هەماهەنگییەكان لە رووی سەربازی و هەواڵگرییەوە لە نێوان ئێوە و هێزە عێراقییەكان فاكتەرێكی گرنگی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەیە كە خۆی لە دابینكردنی ژیانێكی ئارام و سەقامگیر بۆ خەڵكەكەمان دەبینێتەوە.