بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد چاویكەوت بە د. عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری ناسراو و سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق.
لە دیدارێكدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەكان و كارنامەی حكومەتی نوێی عێراق تاوتوێكران و جەخت لە سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی زیاتركرایەوە.
سەرۆك بافڵ ستایشی ڕۆڵ و هەڵوێستی د.عادل عەبدولمەهدی كرد كە لە قۆناغە جیاوازەكاندا پشتیوانی دۆزی گەلی كورد و مافە ڕەواكانی كردووە، وتیشی، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵوێستی جوامێرانەی هەموو ئەو كەسایەتی و هێزە نیشتمانییانە لە یاد ناكات كە داكۆكیكاری مافەكانی گەلی كورد بوون و هەوڵیان بۆ تەبایی و پێكەوەژیان لە نێوان گەلانی عێراق داوە. ئێستاش یەكێتی بەهەمان سیاسەت و ستراتیژیی سەرۆك مام جەلالەوە كاردەكات كە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و یەكڕیزی و تەباییدا دەبینێتەوە”.
لە بەرامبەردا سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق ستایشی ڕۆڵ و سیاسەتی نیشتمانییانەی سەرۆك بافڵی كرد وەك سەركردەیەكی گەنج و كاریگەر كە لە قۆناغە سەخت و دژوارەكاندا هەوڵی ئاشتەوایی دەدات و بە ئاڕاستەی لێكنزیكبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان هەنگاو دەنێت، هەر ئەمەش وایكرد ڕۆڵێكی كاریگەر ببینێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ و بە دەستهێنانی متمانەی عێراقییەكان.
وتیشی، “سیاسەتی ئێستای یەكێتی كە سەرۆك بافڵ ڕابەرایەتی دەكات، بیرخەرەوەی ئەو سیاسەتە حەكیمانەیە كە سەرۆك مام جەلال كاری پێدەكرد و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەكانی وەك كاری سەرەكی و لەپێشینە تەماشا دەكرد”.