لە ساڵێكدا 238 هەزار ئەوروپی بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە

راپۆرتێكی نوێ ئاشكرایدەكات، ژەهراویبوونی هەوا بەهۆی تەنۆلكە وردەكانەوە بووەتە هۆی 238 هەزار حاڵەتی مردنی پێشوەختە لە وڵاتانی ئەوروپیدا لە ساڵی 2020دا.

راپۆرتێكی ئاژانسی ئەوروپی بۆ ژینگە كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە رایگەیاند، بەركەوتن بە تەنۆلكەكانی ناو هەوا، بووەتە هۆی پێشوەختە گیانلەدەستدانی 238 هەزار كەس لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپادا.

ژمارەكە بەرزبوونەوەیەكی رێژەیی لەو تۆمارە نیشاندەدات كە لە ساڵی 2019دا بووە و گەیشتووەتە 231 هەزار حاڵەتی مردنی پێشوەختە، بەهۆی ئەو تەنۆلكانە كە دەچنە قوڵاییەكانی سییەكانەوە.

زیادبوونەكە دەریدەخات كە پەتای كۆڤید-19 كاریگەریی توندی لەسەر ئەو كەسانە داناوە كە تووشبووی نەخۆشییەكانی پەیوەندیدار بە ژەهراویبوونی هەوان وەك شێرپەنجە، نەخۆشییەكانی سی و شەكرە لە جۆری دووەم.

راپۆرتە ساڵانەكە ئاماژە بەوەشدەكات، یەكێتیی ئەوروپا لەسەر رێگای راستە بۆ هێنانەدی ئامانجەكەی كە بریتییە لە كەمكردنەوەی مردنی پێشوەختە بە زیاتر لە 50% لە ساڵی 2030دا بەراورد بە ساڵی 2005.

لە سەرەتای نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، تەنۆلكە وردەكانی ناو هەوا بوونەهۆی تۆماركردنی نزیكەی یەك ملیۆن حاڵەتی مردنی پێشوەختە لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا، لە ساڵی 2005دا ژمارەكە گەیشتە 431 هەزار مردنی پێشوەختە.

لەگەڵ ئەوەشدا ژەهراویبوونی هەوا وەك گەورەترین هەڕەشەی ژینگە بۆ سەر تەندروستیی ئەوروپییەكان ماوەتەوە.

بابەتی پێشتر

کۆنترین ژەمە خۆراکی کوڵاو لە جیهاندا لە ئەشکەوتی شانەدەری کوردستان دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

لە کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکاندا پێشنیازکرا ئەنجومەنێکی سیاسی لە هەرێم دروستبکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share