وەزارەتی خوێندنی باڵا کارکردنی بە سیستمی غاز ڕاگرت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دوو رووداوەکەی پێشووی سلێمانی و دهۆک بڕیاریدا لە سەرجەم دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتەکەیدا کارکردن بە سیستمی غازی شل ڕابگرێت.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشکرایکرد، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتى و پاراستنى سەلامەتیی گیان و ژیانى مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگە و بەشە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانى دیکەیدا، کارکردنی بە سیستمی غازی شل ڕاگرت.

وەزارەتەکە بڕیاریداوە کە سەرجەم دامەزراوەکانی دەستبەجێ کارکردن بە سیستمی غازی شل ڕابگرن.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “پێویستە بەزووترین کات و زۆر بە وردى بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سیستمانە بکرێت، کە بەمەبەستى ئامادەکردن یان گەرمکردنەوەى خواردن بەکاردێن و لە سەلامەتى دڵنیا ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لە ماوەى سێ رۆژدا راپۆرتێکى تێروتەسەل لە ڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى زانکۆ و پەیمانگەکان و بەهەماهەنگى لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى ئامادە بکەن”.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، دەبێت هەموو ئەو سیستمانەى بەمەبەستى ئامادەکردن و گەرمکردنەوەى خواردن لەسەر هەموو زانکۆ و پەیمانگە و دامەزراوەکانى سەر بەوەزارەت و لە بەشەناوخۆییەکان بەکاردێن، پێویستە ڕێگەپێدانى بەرگرى شارستانییان هەبێت و مۆڵەتى دانانى لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هەبێت.

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە حاڵەتى کەمتەرخەمى و جێبەجێنەکردنى ئەو خاڵانەى سەرەوە لایەنى کەمتەرخەم ڕووبەڕووى یاسا دەبێتەوە.

بابەتی پێشتر

ڤیدیۆ.. شێر پەلاماری پیاوێک دەدات و بە شێوەیەکی سەیر رزگاری دەکەن

بابەتی دواتر

رووداوێکی تری ئاگرکەوتنەوە بەهۆی غازەوە روویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share